پایتەخت

عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەداتە پێشمەرگە

عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەداتە پێشمەرگە
کورتە

عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەداتە پێشمەرگە و سوپا بۆ کوردستان نانێرێت

سوپای عێراق بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان نایەتە هەرێمی کوردستان، بەڵکو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەدرێتە هێزەکانی پێشمەرگە تاوەکو خۆیان ئاسمانی ناوچەکە بپارێزن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە دۆسیەی ‌هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، چونکە هێزێکی دەستووری و یاساییە.

 

سەباح نوعمان باسی لەوە کرد، سەردانی شاندە سەربازییەکەی عێراق بۆ دڵنیاییدان بووە بە کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان تاوەکو دەستبەجێ دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە و بەڵێن دەدەن ئاسایشی خۆیان، کارمەندان و کێڵگە نەوتییەکان بپارێزن. 

 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕوونیکردەوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەیەکی باڵای هونەری بگاتە کوردستان و پاش سەردانی دامەزراوەکانی وزە، ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پێداویستییەکان پێشکەش بکات.

 

سەباح نوعمان ئەوەشی خستەڕوو، ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی تەواو کۆتایی بە گرژییەکانی ناوچەکە دەهێنێت، کە پێشتر عێراقیش بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت، کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئەم کێشانەوە.

15 حوزەیران 2026 21:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026