وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دابینکردنی مووچە پەنا بۆ بانکی ناوەندی دەبات
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەردەم قەیرانی قووڵی داراییە بۆ دابینکردنی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی شەش
پێش ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوچەکە و کردنەوەی گەرووی هورمز بەگوێرەی ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ئەمەریکا و ئێران، حکومەتی عێراق بە دۆخێکی خراپی ئابووریدا تێدەپەڕێت بۆ دابینکردنی پارەی نەختینە بۆ مووچەی مانگی حوزەیران و تەمموز.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی نیسانی ڕابردوو تەنیا، یەک تریلیۆن و 300 ملیار دینار بووە کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی حوزەیران و کە عێراقیش مانگانە پێویستی بە 9.6 تریلیۆن دینار هەیە بۆ خەرجییەکانی کە لەو بڕەش، 7.4 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان پێویستە.
وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە بۆ دابینکردنی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگانە، پشت بە داهاتی نەوتی دوو مانگ پێشتر دەبەستێت، لە کاتێکدا پێش جەنگی ئێران و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، داهاتی مانگانەی نەوتی دەگەیشتە 6.4 ملیار دۆلار، ئەمەش بەواتای دابەزینی زیاتر لە 84٪ی داهاتی سەرەکی دێت.
ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیاکان ئاشکرایان کردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە گەورەیە لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی حوزەیران، حکومەتی عێراق چەند بژاردەیەکی قورس تاوتوێ دەکات، لەوانە: دەستبردن بۆ یەدەگی نەختینەیی بانکی ناوەندی، یان فرۆشتنی قەواڵەی دارایی ناوخۆیی بە سوودێکی بانکی بەرز (8٪ بۆ 15٪)، لەگەڵ پلانی درێژخایەنی وەک دامەزراندنی سندووقی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 300 بۆ 600 ملیار دۆلار لە ڕێگەی سیستمی موساتەحەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار و لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی لە ڕێگەی سیستمی پەیرۆڵ بەتەواوی ئامادەکردووە و پایتەخت میدیاش زانیویەتی، بەهۆی ئەوەی ڕۆژی سێشەممە پشووی فەرمییەوە، ئەگەری زۆرە ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی تەکنیکی لیستەکە بگەیەنێتە بەغدا.
پێشتریش فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی دابوو کە خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەهۆی چاوەڕوانکردنی داهاتی نانەوتی ڕاناگرێت، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان هۆشداری دەدەن کە قەیرانی نەبوونی پارەی کاش لە بەغدا، ڕەنگە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە لە تەواوی عێراق و هەرێمیش چەند ڕۆژێک دوا بخات.
ئەم تەنگژە داراییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بەرەو جێگیریی ڕۆشتبوون. لەسەر ئاستی سیاسی، کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی و هەنگاوەکانی دژ بە گەندەڵی دووپاتکردووەتەوە، بەو مەرجەی ڕێککەوتنەکان و جێبەجێکردنی دەستوور فەرامۆش نەکرێن.
هەروەها ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، دوای ڕێککەوتنی سێلایەنەی هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی زیادیکردووە و گەیشتووەتە 220 بۆ 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و دۆسیەکانی نەوت، وردبینی دارایی و داهاتە نانەوتییەکان بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچن. جەختیشی کردەوە کە ئامانجیانە مووچە لە ململانێی میدیایی دووربخرێتەوە، هاوشێوەی مانگی ئایار کە مووچەخۆران لە نێوان 27 بۆ 29ـی مانگدا شایستەکانیان وەرگرت.
لەلایەن خۆشیەوە، ڕێباز حەملان، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردبووەوە کە زۆربەی کێشەکان، لەوانە پرسی بودجە و سیستمی گومرگی ئەسیکۆدا بەرەو چارەسەر چوون و هیچ ڕێگرییەکی یاسایی گەورە نەماوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق جەختیانکردووەیەوە کە مووچەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە یەک پاکێج دابەش دەکرێت و جیاناکرێنەوە.