سووریا 10 هەزار عێراقی دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان
پێشتر 21 هەزار لە کەسوکاری چەکدارانی داعش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەڕێندراونەتەوە
هەردوو حکومەتی عێراق و سووریا لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی نزیکەی دە هەزار هاووڵاتیی عێراقی پێکهێناوە کە تاوەکو ئێستا لە سووریا ماونەتەوە کە پێشتر بەشێکیان لە کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکە نیشتەجێ بوون.
دوای ئەوەی 21ـی کانوونی دووەمی 2026 کۆنترۆڵی کەمپی هۆل لە هێزەکانی هەسەدەوە گوازرایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا نزیکەی 100 خێزانی عێراقی کە لە کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعش بوون، کەمپەکەیان جێهێشت و بەسەر شار و ناوچەکانی دیکەی سووریادا دابەش بوون.
لە ئێستادا لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ داڕشتنی پلانەکە، هەرچەندە هێشتا کات و شێوازی فەرمی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بە تەواوی یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق دووپاتی کردووەتەوە: کە سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستی و کارگێڕییەکانی بۆ پێشوازیکردن لەو هاووڵاتییانە نوێیە تەواو کردووە.
بۆ ڕێگریکردن لە هەر کێشەیەکی ئەمنی، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق پۆلێنکردن و وردبینییەکی توندی ئەمنی بۆ سەرجەم ئەو خێزانانە دەکەن پێش ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی کە هیچ کام لەوانە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بەهۆی تێوەگلان لە کاری توندوتیژی داواکراو نین.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق توانیویەتی لە ڕێگەی 33 کاروانی جیاوازەوە، زیاتر لە 21 هەزار هاووڵاتیی خۆی کە کەسوکاری چەکدارانی داعش بوون لە کەمپی هۆلەوە بگەڕێنێتەوە و لە کەمپە تایبەتەکانی ناوخۆی وڵاتدا نیشتەجێیان بکاتەوە بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە.