پایتەخت

باقر زوبەیدی: چاکسازیی سیاسی لە عێراق بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد سەرناگرێت

باقر زوبەیدی: چاکسازیی سیاسی لە عێراق بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد سەرناگرێت
کورتە

کورد قوربانی زۆریداوە لەپێناو ئازادی و دەبێت کێشەکانیان وەک کێشەیەکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

سەرکردەیەکی سیاسیی عێراق ڕایگەیاند، هەر دەستپێشخەرییەک بۆ چاکسازی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، دەبێت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کوردەوە دەست پێبکات، چونکە بەبێ ئەوە هەر چارەسەرێک بخرێتەڕوو، کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بۆی دەبێتە بەربەست.

باقر جەبر زوبەیدی، سەرکردە و کەسایەتیی سیاسیی دیاری عێراق کە پێشتر چەندین پۆستی باڵای وەک وەزیری دارایی و ناوخۆی لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا هەبووە، لە وتارێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتییە فەرمییەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە لەوانەیە کێشەی کوردی عێراق لە ڕوواڵەتدا ئاڵۆز و سەخت دەربکەوێت، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە وەک کێشەیەکی نیشتمانی، ڕێگەی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی.

زوبەیدی باسی لەوەشکردووە: "خوشک و برایانی کورد لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا ڕووبەڕووی چەوسانەوە، پشتگوێخستن و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بوونەتەوە، کورد قوربانی و شەهیدی زۆری لە پێناو ئازادیدا بەخشیوە."

هاوکات، زوبەیدی قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکات و دەڵێت: دوای دەیان ساڵ لە خەبات دژی دیکتاتۆریەتی بەعس و ئەو تاوانە گەورانەی بەرامبەریان کرا، هاووڵاتیی کورد بووە شەریکێکی ڕاستەقینە و خاوەن ماف و ئەرک لە نیشتمانەکەیدا. جەختیش دەکاتەوە کە کورد هەمیشە کراوە بووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و زۆرینەی هەرە زۆری گەلی کوردیش دیالۆگ و گفتوگۆ بە تاکە ڕێگە دەزانن بۆ گەیشتن بە ئەنجام.

باقر جەبر زوبەیدی (بە باقر جەبر سۆلاغیش ناسراوە) یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و دواتر بووە سەرۆکی ڕەوتی بەیان بۆ گەشەپێدان، کە لە کاروانی سیاسی خۆیدا چەندین پۆستی باڵای حکومی گرنگی بەڕێوەبردووە وەک: پۆستی وەزیری ناوخۆ (2005-2006)، وەزیری دارایی (2006-2010)، وەزیری گواستنەوە (2014) بوون، هابەش لەگەڵ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە یەکەم حکومەتی کاتی عێراق دوای ساڵی 2003.

15 حوزەیران 2026 15:56
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026