پایتەخت

کاتز: هێزەکانمان لە لوبنان ناکشێنەوە!

کاتز: هێزەکانمان لە لوبنان ناکشێنەوە!
کورتە

سەرەڕای ڕێککەوتن، بەهۆی ئیسرائیل ئەگەری دروستبوونەوەی جەنگ هەیە.

ئیسرائیل ئامادە نییە پابەندی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا بێت و هەڕەشەی تووندیش لە ئێران دەکات.

ئەمڕۆ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتاکە ڕێسایەکی ڕوونیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە سوپای ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک لە باشووری لوبنان، سووریا و کەرتی غەززە ناکشێتەوە و بەشێوەیەکی کاتی لە ناوچە "پارێزراوەکان دەمێننەوە"، تا سنوور و کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل لە دەستی "جیهاد" بپارێزن.

کاتز جەختی کردەوە، ئەوان بەرژەوەندییە ئاسایشیەکانی ئیسرائیل ناخەنە مەترسییەوە، ئەم ناوچانە لە دانیشتووانی ناوخۆ، هەموو ژێرخانە تیرۆرستییەکانی سەر زەوی و ژێر زەمینی پاک دەکەنەوە، ئەو خانووانەشی لەسەر سنوورەکان بۆ بنکەی سەربازی تیرۆستان بەکار هاتبوون، لەناودەبەن.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچانەی بە یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتی جەنگ وەسف کرد و سەرەڕای ئەو فشارانەی کە هەیە و لە داهاتوودا دروست دەبن، ئیسرائیل دژی کشانەوەیە لە لوبنان.

لەلایەکی دیکەوە، نەتەنیاهو و کاتز ئەم هەڵوێستەیان بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ و چەندین بەرپرسی دیکەی ئەمریکایان ڕوونکردووەتە و جەختیش دەکەنەوە، کە ئەگەر بێتو ئێران بەبیانووی پێشهاتەکانی لوبنان هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، "وەڵامی ئیسرائیل زۆر بەهێزتر و تووند دەبێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گرژییەکانی نێوانیان، وا بڕیارە ڕۆژی هەینی 19-6-2026 لە جنێفی سویسرا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.

بەگوێرەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ڕێککەوتنەکە  هەیە، ئەمریکا بەشێک لە سەرمایە سڕکراوەکەی ئێران ئازاد دەکات، ئێران بە وەستاندنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پابەند دەبێت و ئاگربەستێکی هەتاهەتایی لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە دەبێت.

15 حوزەیران 2026 12:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026