پایتەخت

ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە قەدەغە کران

ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە قەدەغە کران
کورتە

بڕیارێکی نوێ بۆ ئەو داهێنەرانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن

بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی هەرێمی کوردستان بۆ سەر شەقامە گشتییەکان بەتەواوەتی قەدەغەکرا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

 

ئەمڕۆ عەقید سۆران سادق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هیچ کەسێک ناتوانێت ئۆتۆمبێلێک دروست بکات و لەسەر شەقامە گشتییەکاندا بەکاری بهێنێت.

 

عەقید سۆران سادق ئاماژەی بەوە دا، هەر کاتێک ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بگەنە بەردەم تیم و مەفرەزەکانی هاتووچۆ یان پۆلیس، ڕاستەوخۆ دەستیان بەسەردا دەگیرێت، چونکە ژمارەی شانسی و ژمارە تابلۆی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان نییە.

 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەرێم ڕوونیکردەوە، دروستکردنی ئۆتۆمبێل کارێکی هەڕەمەکی نییە و پێویستی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و پێوەر و ئاماری ورد هەیە کە تەنها لە ڕێگەی ڕێنماییە تایبەتەکانەوە دیاری دەکرێن، بۆیە ڕێگە بەکارهێنانی هیچ ئۆتۆمبێلێکی دەرچوو لەم پێوەرانە نادرێت.

 

عەقید سۆران سادق داوا لە هەموو ئەوکەسانە دەکات، کە خۆیان تووشی سزای یاسایی نەکەن و پاره و تێچووی دارایی خۆیان بەهەدەر نەدەن، چونکە هاتووچۆکردنیان قەدەغەیە و بە دڵنیاییەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

 

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە هاووڵاتیان داهێنانیان کردووە و بە کەرەستەی جۆراوجۆر خۆیان ئۆتۆمبێلیان دروستکردووە.

14 حوزەیران 2026 22:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026