7 پڕۆژەی گرنگ لە هەولێر
هەولێر بەرەو وەرچەرخانێکی نوێی خزمەتگوزاری
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە فەرمانی وزاری، ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی 7 پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دا، کە پەرەپێدانی ڕێگاوبان و ژێرخانی ئاو لەسەرووی کارەکانەوەیە.
ئەم پڕۆژانە کە سیمایەکی مۆدێرن بە پایتەخت دەبەخشن، چەندین سێکتەری گرنگ دەگرنەوە، لەوانە: دروستکردنی شەقامی بەحرکە لە نێوان هەردوو شاڕێی 120 مەتری و 150 مەتری، قیرتاوکردنی دووسایدی شەقامی حاکم ڕەشید عەبدولقادر، و نۆژەنکردنەوەی تەواوەتی شەقامی 100 مەتری.
پڕۆژەکە چاککردنی ڕێگەی سەرەکی هەولێر-گوێڕ، قیرتاوکردنی چەندین کۆڵانی جیاواز و گۆڕینی تۆڕی ئاوی گەڕەکی برایەتی لەخۆ دەگرێت، هاوکات پرۆسەی ڕووپێوی ئاسمانی بۆ چەند ناوچەیەکی شارەکە ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە شێوازی دابینکردنی بودجەکە، وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاندووە کە گوژمەکان لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆییەوە فەراهەم کراون، بە جۆرێک کە 17%ی لە داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و 15%ی لە داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەرخان کراوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدایە بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە داهاتەکان بۆ خزمەتگوزاریی گشتی و بەهێزکردنی ژێرخانی شارەکە.