پایتەخت

لووتکەی ئێڤیان سەرکردەکانی جیهان کۆدەکاتەوە

لووتکەی ئێڤیان سەرکردەکانی جیهان کۆدەکاتەوە
کورتە

دۆسیەکانی ئابووری جیهان و ڕێڕەوەکانی بازرگانی، ئاسایشی جیهان و ژیری دەستکرد لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرکردەکانی جیهان دەبن.

لەکاتێکدا کە جیهان لەژێر کاریگەریی جەنگەکاندا دووچاری شۆکی ئابووری گەورە بووەتەوە، سبەی دووشەممە، شاری ئێڤیان لێس بەینزی فەڕەنسا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەبێتە چەقی گفتوگۆی سەرکردەکانی جیهان و بڕیارە چارەنووسسازەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئێڤیان لێس بەینز شارێکی گەشتیاری بێدەنگە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا لە سنووری لەگەڵ سویسرا. لە 15 بۆ 17ـی حوزەیرانی 2026، لووتکەی 52ـەمینی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لەخۆ دەگرێت. شارەکە دەکەوێتە سەر کەناری باشووری دەریاچەی لێمان و تەنها چەند کیلۆمەترێک لە چییاکانی ئەڵپەوە دوورە. پێگەی جوگرافیی شارەکە وایکردووە کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەبێت و ڕاستەوخۆ بڕوانێتە سەر دەریاچەکە و شاری لۆزان لە دیوی سویسراوە.

لە پاڵ سەرکردە سەرەکییەکانی وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکە (فەڕەنسا، ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، ئیتاڵیا و کەنەدا) و نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا، ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرنجی میدیایی لەسەر لووتکەکە زیاتر دەکات. هاوکات بۆ ڕێگریکردن لە گۆشەگیربوونی بڕیارەکانی لووتکەکە، پاریس دەرگای لووتکەکەی بۆ هێزە ناوچەیی و ئابوورییە گەشەسەندووەکانی جیهان کردووەتەوە، لە ئاسیا و ئەمریکای لاتین، وڵاتەکانی هیندستان، بەرازیل و کۆریای باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاش وڵاتانی میسڕ، ئیمارات، سعوودیە، قەتەڕ و کینیا لەگەڵ ئۆکرانیا بانگهێشتی ئامادەبوون لە لووتکەکە کراون.

لووتکەکە لە کاتێکی پڕ لە گرژیدا بەڕێوەدەچێت. پرسی دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ئۆکرانیا و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشینەی کارەکانن. ئامانجی سەرەکی لووتکەکە تەنها هەوڵی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو داڕشتنی بنەمایەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئاسایشی گشتگیر تا ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕەکان بگرێت کە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر هێڵەکانی بازرگانی جیهانی.

تەوەرێکی دیکەی پڕ لە مشتومڕی لووتکەکە، پرسی ناهاوسەنگیی بازرگانیی جیهانی و هەڵکشانی خێرای توانای پیشەسازییەکانی وڵاتی چینە. وڵاتانی ڕۆژاوا بە نیگەرانییەوە دەڕواننە باڵادەستیی پەکین بەسەر بازاڕەکاندا. بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین، لووتکەکە تیشک دەخاتە سەر کانزا دەگمەنەکان کە بە بڕبڕەی پشتی پیشەسازییەکانی داهاتوون، وەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی، چیپە ئەلیکترۆنییەکان و چەکە پێشکەوتووەکان دادەنرێت. هاوکات هەوڵ دەدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە لە ڕێگەی هاوبەشیی ستراتیژی وەک هیندستان و وڵاتانی ئەفریقیا.

گرنگترین و جیاوازترین ڕەهەندی لووتکەی ئەمساڵ، هێنانە ناوەوەی بازرگان و داهێنەرانی تەکنەلۆجیایە بۆ نێو هۆڵە دیپلۆماسییەکان، لەوانەش ئامادەبوونی سام ئاڵتمان لە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای و داریۆ ئامۆدی لە کۆمپانیای ئەنسرۆپیک، لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ داڕشتنی یەکەمەین یاسای نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ژیری دەستکرد.

14 حوزەیران 2026 16:26
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026