پایتەخت

بەغدا مەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان جێبەجێ دەکات

بەغدا مەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان جێبەجێ دەکات
کورتە

هاتنی شاندی باڵای سەربازیی عێراق دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی کۆبوونەوەکەی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو.

سەردانی شاندی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا سوپاسالاری عێراق بۆ هەولێر لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەرئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو بۆ بەغدا، کە پاشان کۆبوونەوەی شاندێکی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی بەدواداهات لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق.

دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیان داوای گرێنتی مافە داراییەکانیان و پاراستنی ئەمنییەتی کارمەندان و کێڵگە نەوتییەکان کردە مەرجی دەستبەکاربوونەوەیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، عەلی زەیدی بەڵێنیدا ڕێوشوێنی ئەمنی و سەربازی لەوبارەیەوە بگرێتەبەر، ئەمەش بەهۆی پێویستی حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە کە ئێستا لە ڕووی داهاتەوە، کورتهێنانی زۆری هەیە و تەنانەت دابینکردنی مووچە و بودجەی پرۆژەکانیش لەژێر هەشەڕەدان.

دوای ئەوەی لە 3ــی حوزەیرانی 2026، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەپیکۆر لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبوونەوە، چەند مەرجێکیان دیاریکرد لەبارەی پێدانی گرێنتی لەبارەی چۆنیەتی شێوازی پێدانی شایستە داراییەکانی پێشتر و نوێیەکانیان بەپێی گرێبەستەکان و گرەنتی مانەوەی پێگەی یاسایی کارکردنیان لە کێڵگەکاندام جگە لە پێدانی دڵنیایی تەواو کە جارێکی دیکە دۆخی ئەمنی و ژێرخانی کێڵگە نەوتییەکان نابنە جێگەی هەڕەشە و مەترسی کردنە ئامانجی لەلایەن گرووپە چەکدارەکان.

گرنگیپێدانی بەغدا بەم پرسە دوای ئەوە دێت کە دەرکەوت زیانی ڕاگرتنی نەوتی کوردستان تەنیا بۆ هەولێر نییە، بەڵکو بووەتە هۆی کورتهێنانی گەورە لە داهاتی گشتیی عێراقیشدا. لە ماوەی ڕابردوودا، کێڵگە ستراتیژییەکانی وەک کۆرمۆر و چەندین کێڵگەی دیکەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، کەوتنە ژێر ڕەحمەتی هێرشی درۆنی و مووشەکیی گرووپە چەکدارە دەرەوەی یاساییەکان.


ئەم هێرشانە پەیامێکی نەرێنییان نارد بۆ بازاڕی وزەی جیهانی کە "ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق هێشتا ناسەقامگیرە، بۆیە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە ملیۆنان دۆلاریان لە سێکتەرەکانی وەبەرهێنا بەگەڕخستووە، ڕەتیانکردەوە بەبێ وەرگرتنی گرێنتی فەرمی بۆ پاراستنیان، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

لە ماوەی ڕابردووش، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەکیترین کێشەی ئەمنی، بوونی بۆشایی ئەمنییە لە نێوان هێڵەکانی بەرگریی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە. کە ئەو ناوچانە پێشتر وەک حەشارگەی پاشماوەکانی داعش یان گرووپە چەکدارەکانی دیکە بەکاردەهاتن، ئێستا بوونەتە سەکۆی هاوێشتنی درۆن و مووشەکەکان بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ یارەڵڵا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە، دوای ئەوەی سوپاسالاری عێراق لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیانەوە ڕایگەیاند کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ بەدواداچوون دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و بە تایبەتی نەهێشتن و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و بەئامانجگرتنیان.

هاوکات سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوپاسالاری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردووەتەوە پێویستە پلانی هاوبەش و هاریکاریی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی، هەروەها ئەم هەنگاوەشی  بە کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووریی وڵات وەسفکردووە.

14 حوزەیران 2026 16:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026