حوشترەکەی دهۆک بڕۆنز دەرچوو
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک سەبارەت بە پەیکەری حوشترە زێڕینەکە هەموو شتێکی ئاشکرا کرد.
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لە دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارێکی زێڕین دەکەن لە سنووری پارێزگاکە، دوای پشکنینەکان دەرکەوت ئەو پەیکەرە تەمەنی 40 ساڵە و هیچ بەهایەکی مێژوویی نییە.
بێکەس بریڤکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ڕایگەیاند: "ئەو پەیکەرەی لە شێوەی حوشتر دروست کراوە و دەنگۆی ئەوەی لەسەر بوو کە لە زێڕە، دوای 2 هەفتە لە دۆزینەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕادەستی ئێمە کرا، پشکنینە تاقیگەییەکانمان سەلماندیان کە ماددەی دروستکراوەکەی تەنها بڕۆنزە و هیچ پەیوەندییەکی بە زێڕەوە نییە."
چیرۆکی ئەم پارچەیە بۆ مانگی 2ـی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک شوانێک لە نزیک چیای مەقلوب لە قەزای بەردەڕەش پەیکەرەکەی دۆزییەوە، دوای لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تەمەنی پارچەکە، بێکەس بریڤکانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم حوشترە تەمەنی لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵدایە، هەر بۆیە بەپێی یاسا بە شوێنەوار هەژمار ناکرێت.
بەڕێوەبەری شوێنەوار تیشکی خستە سەر یاسای هەموارکراوی شوێنەوار ژمارە 5ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی کوردستان و گوتی: "بۆ ئەوەی پارچەیەک بە شوێنەوار بناسرێت، پێویستە تەمەنی لە 200 ساڵ زیاتر بێت، ئەگەر لە 100 ساڵیش تێپەڕی کردبێت بە کەلەپوور دادەنرێت، بەڵام ئەم پەیکەرە هیچ کام لەو مەرجانەی تێدا نییە."
سەبارەت بە چارەنووسی پەیکەرە بڕۆنزییەکە، بریڤکانی گوتیشی: "وەک نموونەیەکی فێرکاری لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەیهێڵینەوە، تاوەکو فێرخوازان و توێژەران ئاشنای جیاوازیی نێوان پارچە ڕەسەنەکان و کۆپییە مۆدێرنەکان بن."