گیانی ملیۆنان هاووڵاتی عێراق لە مەترسیدایە
ڕوانگەی سووری لەبارەی ڕووباری دیجلە هۆشدارییەکی تووند دەدات و ژیانی ملیۆنان هاووڵاتیی لە مەترسیی دایە.
ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشدارییەکی بەپەلە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو بە بەکتریای "کۆڵۆن"، ژیانی ملیۆنان هاووڵاتیی عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی جدییەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕوانگەی عێراقی سەوز کە ڕێکخراوێکی تایبەتمەندە بە کاروباری ژینگە، ڕاپۆرتێکی مەترسیداری لەبارەی کوالێتی ئاوی وڵات بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە بەهۆی تێکەڵبوونی ملیۆنان مەتر سێجا ئاوەڕۆی بێپاڵاوتن بە ڕووباری دیجلە لە باکوورەوە تا باشوور، جۆرە بەکتریایەکی زیانبەخش بەناوی کۆڵۆن بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە.
ڕوانگەکە ئاشکرای دەکات کە ئەم بەکتریایە تەنها ژەهراویبوون نییە، بەڵکو هۆکارە بۆ تووشبوون بە 13 جۆر نەخۆشی جیاواز، کە دیارترینیان پەککەوتنی کتوپڕی گورچیلە، تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، ژەهراویبوونی خوێن و هەوکردنی توندی ڕێڕەوی میزەڕۆ.
یەکێکی تر لە خاڵە مەترسیدارەکانی ناو ڕاگەیەندراوەکە، پەردە لادانە لەسەر ئەو ئاوانەی لە بازاڕدا کە بە ناوی "ئاوی پاکژکراو" دەفرۆشرێن، ڕوانگەی عێراقی سەوز دەڵێت: "زۆربەی ئەو ئاوانەی لە بازاڕەکاندا هەن، لە ڕاستیدا هەمان ئاوی پیسبووی دیجلەن و پرۆسەی پاڵاوتنەکەیان ناتوانێت توخمە قورسەکان و ماددە ژەهراوییەکان لەناو بەرێت."
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕێکخراوەکە داوایەکی بەپەلە ئاراستەی حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی، داواکراوە سزای تووند بەسەر ئەو لایەنانەدا بسەپێنرێت کە دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە، هاوکات چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ سیستەمی ئاوەڕۆی وڵات بدۆزرێتەوە پێش ئەوەی کارەساتێکی تەندروستی گەورەتر ڕووبدات.