پایتەخت

مەسرور بارزانی و سوپاسالاری عێراق کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی و سوپاسالاری عێراق کۆبوونەوە
کورتە

تاوتوێی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان دەکەن؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق کۆبوونەوە.

مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای سەربازیی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوە سەبارەت بە بنبڕکردنی هەڕەشەکانی سەر کۆمپانیاکانی وزە.

ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپای عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسالاری عێراق ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ هاتوونە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنی بکەن و کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنین کە دەکرێنە سەر کۆمپانیا نەوتییەکان.

لای خۆیەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی بەغدا دەربڕی و جەختی لە " گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئالەنگارییە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە".

 هەروەها مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی هەڵوێستەکەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ دڵنیاییدان لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان.

14 حوزەیران 2026 13:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026