پڕۆژەی شەمەندەفەرەکەی عێراق هەڵوەشایەوە
هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە گەورەکان و گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکان و شۆڕشی بڕیارە بێدەنگەکان لە بەغدا.
مستەفا سەنەد, وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، پەردەی لەسەر زنجیرەیەک بڕیاری "گرنگ و هەستیار" لادا کە لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن سەرۆکوەزیران و وەزیری گواستنەوەوە دراون و میدیاکان گرنگییان پێنەداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری پەیوەندییەکان لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەهۆی تێچووی زۆر و پاراستنی بودجەی گشتی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی "هێڵی ئاسن"ـی داوە، سەنەد ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداش کە بڕیار بوو لەلایەن کۆمپانیای (CAAP) و بە هەماهەنگی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) جێبەجێ بکرێت، بە هەمان شێوە هەڵوەشێندراوەتەوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی دژە گەندەڵی، مستەفا سەنەد ڕایگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکان بە بڕیاری عەلی زەیدی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، هەروەها وەزیری گواستنەوە پلانێکی نوێی ئامادە کردووە بۆ یەکخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان، کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییانە هاوکاتن لەگەڵ بڕیارەکانی تری حکومەت بۆ ڕاگرتنی هاوردەی گەنم و چاکسازی لە کەرتی کارەبا، کە نیشانەی گۆڕانکارییەکی خێران لە سیاسەتی ئابووری و کارگێڕی عەلی زەیدی و کابینەکەی لە ساڵی 2026ـدا.