پایتەخت

ناوی هەولێر كه‌وته‌ ناو 1000 باشترین شاری جیهان

ناوی هەولێر كه‌وته‌ ناو 1000 باشترین شاری جیهان
کورتە

هەولێر و بەغدا لە ڕیزبەندیی باشترین شارەکانی جیهان بۆ کۆمپانیا نوێیەکان جێگیر بوون

شاری هەولێر وەک یەکێک لە ناوەندە گەشەسەندووەکانی کارسازی و داهێنان لەسەر ئاستی جیهان بۆ سالی 2026 ناسێنرا.

 

له‌ ڕاپۆرتی جیهانیی ستارتئاپ بلینک بۆ ساڵی 2026، هه‌ولێر لە ناو لیستی 1000 باشترین شارەکانی جیهاندا بۆ کۆمپانیا ستارتئاپەکان شوێنی خۆی كردووه‌ته‌وه‌، کە ئەمەش نیشانەی گەشەیەکی بەرچاوی ژینگەی بازرگانی و تەکنەلۆژیایە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.

 

لەگەڵ ئەوەی عێراق بە گشتی هێشتا لە دەرەوەی لیستی 100 باشترین وڵاتانی جیهانە لە بواری سیستمە ستارتئاپەکاندا، بەڵام هەولێر و بەغدا وەک دوو بزوێنەری سەرەکیی داهێنان لە وڵاتەکەدا دەرکەوتوون.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات، کە هه‌ولێر و به‌غدا سەرەڕای ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان، توانیویانە ژینگەیەک دروست بکەن کە سەرنجی کارسازان و وەبەرهێنەران ڕابکێشێت و پڕۆژە نوێیەکانی تێدا گەشە بکەن.

 

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ساڵی 2026 گەشەیەکی بەهێزی بینیوە. عێراق بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی وەک بازاڕێکی ئومێدبەخش دەردەکەون کە خاوەن توانایەکی مرۆیی و داهێنەرانەی گەورەن.

 

گرنگیی شاری هەولێر لەم ڕیزبەندییەدا بۆ ئەو پێشکەوتنە خێرایە دەگەڕێتەوە کە لە کەرتی کارسازی و گەنجانی خاوەن بیرۆکەدا بەدی دەکرێت. هەولێر وەک ناوەندێکی سەقامگیر و کراوە بۆ پڕۆژە تەکنەلۆژییەکان، توانیویەتی ببێتە ماڵێک بۆ چەندین کۆمپانیای نوێ کە خزمەتگوزاریی جیاواز پێشکەش دەکەن.

 

چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر ئەم ڕەوتی پێشكه‌وتن و داهێنانه‌ی هه‌ولێری پایته‌خت بەردەوام بێت، لە ساڵانی داهاتوودا هەولێر پلەی باڵاتر لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەست بهێنێت.

13 حوزەیران 2026 22:56
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026