بانکە ناوخۆییەکان توانای پێدانی قەرزیان بە حکومەتی عێراق نەماوە
ململانێ سیاسییەکان و کورتهێنانی دارایی، بەغدای ناچارکردووە بەبێ بودجە پەنا بۆ چاکسازی ئابووری ببات
پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان چوونەتە قۆناغێکی نوێی تەکنیکی و دارایی. لە کاتێکدا عێراق بەدەست کورتهێنانێکی گەورەی دارایی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، ئێستا تیشکی سەرەکی خراوەتە سەر چاکسازییە گومرگییەکان و داهاتە نانەوتییەکان. هەروەها جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلەکترۆنی ئەسیکۆدا بۆ چاودێری گومرگی، بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی سەر مێزی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
حکومەتی فیدراڵی بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە بۆ ساڵی 2006، ناچار بووە سیستەمی خەرجییەکانی بخاتە سەر ڕێسای دارایی یەک لەسەر دوازدە، کە ئەمەش پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بە تەواوی پەکخستووە. لەلایەن خۆیەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، هۆشداری توند دەدات و دەڵێت: عێراق بەدەست کورتهێنانێکی ڕاستەقینە و درێژخایەنەوە دەناڵێت بەهۆی پشتبەستنی تەواوی وڵات بە داهاتی نەوت.
ڕێسای دارایی یەک لەسەر دوازدە بریتییە لە ڕێکارێکی کاتیی یاسایی کە حکومەت پەیڕەوی دەکات کاتێک پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی دوادەکەوێت. بەپێی ئەم ڕێسایە، لەبری خەرجکردنی بودجەیەکی نوێ، مانگانە بڕیـی کۆی خەرجییە ڕاستەقینەکانی ساڵی ڕابردوو بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان خەرج دەکرێت.
ئامارە فەرمییەکان پیشانی دەدەن کە تەنیا تا کۆتایی مانگەکانی ڕابردوو، کورتهێنانی دارایی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 24 تریلیۆن و 680 ملیار دینار. ئێستا بانکە ناوخۆییەکانیش توانای پێدانی قەرزیان بە حکومەت نەماوە. بۆیە پرسی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بووەتەوە کارتی سەرەکی فشارەکانی بەغدا. لەلایەن خۆیەوە، عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە توندی هۆشداری داوە لە بەردەوامبوونی ناردنی پارە بۆ هەرێم بەبێ یەکلاکردنەوەی کۆتایی ژمارەکان، هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی لە حکومەت کردووە، بەڵام هەر زوو لەلایەن فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێراق وەڵامدرایەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان هێڵی سوورە و نابێت بکرێتە بارمتەی ململانێی سیاسی.
بەغدا پێداگری دەکات کە دەبێت تەواوی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێم بخرێتە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سیستەمی فیدراڵیی ئەسیکۆدا. وەزارەتی دارایی عێراق لە کابینەی پێشووەوە جەخت دەکاتەوە، کە هاوئاهەنگی لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە نوێیەدا پێویستییەکی یاساییە بۆ ڕێکخستنەوەی سەرجەم داهاتەکان و دەستەبەرکردنی پشکی دارایی. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن نیشانداوە و داوا دەکات پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەی کە لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا هەیە.
بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و سیستەمی ئەسیکۆدا و کردنەوەی دەروازەی سنووری نوێ لە نێوان عێراق و سووریا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. هەرچەندە ساڵی ڕابردوو بەغدا ناردنی 120 ملیار دیناری لەسەر حکومەتی هەرێم کرد مەرج بۆ ناردنی مووچە، بەڵام ئێستا بەپێی هەموو راپۆرتە داراییەکان و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی وەزارەتی دارایی، نیوەی داهاتی فیدراڵی کە هەرێم دەبێت بیدایە بەغدا، ناگاتە 50 ملیار دینار. لە کاتێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردووەتەوە، لە کۆی گشتی بودجەی سێ ساڵەی عێراق، هەرێم تەنیا 41%ـی شایستە داراییەکانی خۆی پێگەیشتووە و بە تەواوی لە بودجەی پڕۆژە و وەبەرهێنان بێبەش کراوە و مانگی رابردووش، زیاتر لە 36 ملیار دینار کورتهێنان هەبوو لەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەینێرێت.
هاوکات سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا لە 23ـی ئایاری 2026 و دیداری لەگەڵ عەلی زەید، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە هۆی دروستکردنی دەرفەتێکی نوێ بۆ لێکتێگەیشتنی هاوبەش و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. دوای ئەوەش، کاردانەوەی ئەرێنی ئەو دیدارە زیاتر دەرکەوت بە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ زەیدی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت و گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی داهاتی نانەوتی و سیستەمی ئەسیکۆدا.
لە لێدوانێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 10ـی حوزەیرانی 2026ـدا، ڕوونیکردەوە کە پێشنیازی پێشووی بەغدا بۆ ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێم، بڕیارێکی کەسی بووە و هیچ بنەمایەکی زانستی نەبووە، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی هەرێمی کوردستانیش، جەختی کردووەتەوە کە تاکە ڕێگەی یاسایی و گونجاو ناردنی نیوەی داهاتە فیدراڵی لەسەر بنەمای خشتەی مانگانەی تەرازووی پێداچوونەوەیە.