زاخۆ هەموو کوردستانی کۆکردووە
زاخۆی دەلال بەم فێستیڤاڵە مێژووییە سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بەشداربوونی هەزاران میوان لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوە، فێستیڤاڵی شال و شەپک لە زاخۆی دەلال بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ شەممە چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە پایتەخت میدیا ڕاگەیاند، فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و کەلتووریی (شال و شەپک) لە زاخۆ بۆ ماوەی 2 ڕۆژ، لە ڕێکەوتی 10 و 12ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەچوو.
چیا ئەمین باسی لەوە کرد، پێشوازییەکی بێوێنە لە فێستیڤاڵەکە کراوە و بە هەزاران میوان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕەوەندی کوردی دەرەوەی وڵات بەشدارییان کردووە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزار لەسەر ئامانجی چالاکییەکە گوتی: "پاراستن و زیندووکردنەوەی کەلتوور و فۆلکلۆری کوردی بوو، بە تایبەتی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی وەک شال و شەپک. لە هەمان کاتدا، ناساندنی شاری زاخۆ بوو وەک ناوەندێکی گەشتوگوزاری و ڕۆشنبیری گرنگ لە ناوچەکەدا، بۆ ئەم مەبەستەش هاتن و بەشداریکردن بۆ هەموو هاووڵاتییان و گەشتیاران بە تەواوی بێبەرامبەر بوو".
سەبارەت بە بەشداربووان و لایەنە ئامادەبووەکان، چیا ئەمین ڕوونیکردەوە، بەشدارانی فێستیڤاڵەکە زۆر جۆراوجۆر بوون، لەوانە شارەزایانی خاوەن پیشەی شال و شەپک، خاوەن کارە دەستییەکان، گرووپەکانی سەما و هەڵپەڕکێی فۆلکلۆری، تیپەکانی مۆسیقا، گرووپی شانۆ و تەنانەت گروپێکی ئەفریقیش بەشدار بوون، هەروەها هۆزان دینۆ، هونەرمەندی ناسراوی کورد و عادل هەورامی".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ جەختی کردەوە، فێستیڤاڵەکە لەسەر ئاستی باڵا گرنگیی پێدراوە، جەنابی سەرۆک بارزانی، لە پاڵ چەندین بەرپرسی حزبی، حکومی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەشداریی تیایدا کردووە، ئەمەش پاڵپشتییەکی مەزن بوو بۆ سەرکەوتنی ئەم کارە کەلتوورییە.
شایەنی باسە، بەڕێوەچوونی فێستڤالی شال و شەپک هیچ ڕووداوێکی نەخوارزراو لە نێو هەزاران ئامادەبوو ڕووینەدا.