وەڵامی عەلوەی هەولێر و سلێمانی
پایتەخت میدیا بەدواداچوون بۆ بەرهەمی خۆماڵی شووتی دەکات
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تەقینی شووتی، ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە، بەرپرسانی عەلوەی سلێمانی و هەولێریش دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەن لەسەر کوالێتی بەرهەمی خۆماڵی.
ئەمڕۆ شەممە سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بابەتی تەقینی شووتی دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ شووتی کوالێتی باش نەبووە، چونکە کەشوهەوا لەبار بووە.
سەروەر عەلی ڕوونی کردەوە، ئەو شووتییەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، دیارە لەبەر گەرمایەکی زۆر ماوەتەوە، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە بەرهەمی خۆماڵی زۆر باشە.
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، نرخی شووتی خۆماڵی لە عەلوە کێلۆی 300 بۆ 350 دینارە، بۆیە هیچ کەسێک شووتی هاوردە ناکات.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە پایتەخت میدیای راگەیاند، شووتییەکانیان زۆر باش و بەکوالێتییە، ئەو داوای لە هاووڵاتییان کرد بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ بەرهەمی خۆماڵی بکڕن.
ڕەجەب حاجی عەزیز دووپاتی کردەوە، بەدواداچوون بۆ گرتەڤیدیۆکە بکرێت تاوەکو خەڵک ترسی نەبێت، هەروەها لە ئێستادا شووتی خۆماڵی و بەرهەمی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە عەلوەکاندا بەردەستن.
ئەم بەدواداچوونە دوای ئەوە دێت، گرتە ڤیدیۆیەک لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت شووتییەک دەتەقێت و ناوەکەی دەبێتە ئاو، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای هاووڵاتییان دروستکردووە و گومانی لای کڕیاران لەسەر تەندروستی بەرهەمەکە هێناوەتە ئاراوە.