پایتەخت

هەمەچەشنکردنی ئابووری و شۆڕشی ژێرخانی سەوز لە هەرێمی کوردستان

هەمەچەشنکردنی ئابووری و شۆڕشی ژێرخانی سەوز لە هەرێمی کوردستان
کورتە

ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەم هەنگاونانە بۆ پشتبەستن بە وزەی پاک و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات

پەیوەندیی نێوان گەشەی ئابووری، ژێرخانی بنەڕەتی و پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان چووه‌تە قۆناغێکی نوێ لە گۆڕانکاریی پێکهاتەیی. بەهۆی ڕاگرتنی بەردەوامی هەناردەی نەوت و گۆڕانی ئابووریی جیهانی، کابینەی نۆیەم ستراتیژی خۆی لە پشتبەستنی تەواو بە داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە گۆڕیوە بۆ بونیادنانی هێزێکی بەردەوامی ناوخۆیی. ئەم پلانە نوێیە تەنیا چاکسازییەکی دارایی نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی ژیانی هاووڵاتیان و بازاڕی کارە لە ڕێگەی پڕۆژەی گەورەی ئاو، ڕێگەوبان و وزەی پاکەوە.


پایەی یەکەمی ئەم شۆڕشە نوێیە، ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دابینکردنی ئاسایشی ئاوە لە ڕێگەی فروانکردنی کۆگاکانی ئەو بە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان و ڕاگرتنی بیرەکان. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان خاوەنی 36 بەنداوی گەورە و بچووکە، کە 25ـیان بە تەواوی کاردەکەن و 11 بەنداوی ستراتیژی نوێش لە قۆناغی جێبەجێکردنی خێرادان. لە پاڵ ئەمانەدا، دروستکردنی 58 پۆندی نوێ بۆ کۆگاکردنی ئاوی باراناو دەستیپێکردووە کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە 252 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە. ئەم پڕۆژانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، ڕێگریکردن لە وشکەساڵی و لافاو هەیە، و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەریان لە ناوچەی وشکەوە گۆڕیوە بۆ کێڵگەی بەرهەمهێنانی هەمیشەیی.


گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ بە تەنیا لە دابینکردنی ئاودا نەوەستاوە، بەڵکو پاڵپشتیی دارایی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بووەتە کارنامەی سەرەکی حکومەت. لە ڕێگەی دروستکردنی زیاتر لە 30 هەزار خانووی شووشەیی و 319 ساردکەرەوەی گەورەی مۆدێرن. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، توانیویەتی بەرهەمی وەک هەنار، سێو، پەتاتە، هەنگوین، ئاوتەماتە، تەحین و برنجی کوردی و چەندین بەرهەمی دیکەی جوتیارانی ناوخۆ هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو و ئەوروپا بکات. لە پرسی کڕینەوەی گەنمیشدا، دوای ئەوەی بەغدا ئامادەنەبوو، تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، لە نوێترین فەرمانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریدا لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، گەنمی جووتیاران بە نرخی نزیک لە نرخی بەغدا هەناردەی دەرەوە بکا.


هاوشانی کەرتی ئاو، شۆڕشێکی بێدەنگ لە کەرتی وزەی پاک و ژینگەی شارەکاندادا دەستیپێکردووە. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پڕۆژەی نیشتمانیی "ڕووناکی"یەوە، هەنگاوی خێرای ناوە بۆ کوژاندنەوەی قۆناغ بە قۆناغی موەلیدە ئەهلییەکان کە سەرچاوەی سەرەکیی دووکەڵ و پیسبوونی ژینگەی شارەکان بوون. ئەم پڕۆژەیە پشت بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی پێوەرە زیرەکەکان و گۆڕینی سیستەمی بەرهەمهێنان دەبەستێت بۆ پشتبەستن بە گازی سروشتی و و تیشکی خۆر.


ئێستا لە پڕۆژە نوێیەکانی دەستەی وەبەرهێناندا، بەکارهێنانی وزەی خۆر و بوونی ڕێژەی 25% لە ڕووبەری سەوزایی، کراوەتە مەرجێکی سەرەکی، کە ئەمەش هاوشانی بڕیاری داخستنی دەیان پاڵاوگەی نایاسایی لە دەوروبەری هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ڕێژەی دەردانی گازە ژەهراوییەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە. ئەمەش جگە لە دەستپێکردنی پرۆژەی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی لە دەوروبەری شاری هەولێر و بنیاتنانی چەندین پارک و باخچەی گشتی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.


تەواوکاریی ئەم هێڵە ئابوورییە نوێیە، گەیاندنی بەرهەمەکان و ئاسانکاریی هاتوچۆیە لە ڕێگەی تۆڕی فروانی ڕێگەوبانەکانەوە. کابینەی نۆیەم پڕۆژە ستراتیژییەکانی لە دووسایدکردنی ڕێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی. ئەم ڕێگەیانە تەنیا کاتی هاتوچۆی هاووڵاتیانیان کەم نەکردووەتەوە، بەڵکو تێچووی گواستنەوەی کاڵا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانیان بۆ بازاڕە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کەمکردووەتەوە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گەشەکردنی کەرتی تایبەت و بازرگانی.


شیکارییە ئابوورییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم هاوسەنگییە نوێیەی نێوان ژێرخانی سەوز، وزەی پاک و ڕێگەوبان، دەروازەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕزگاربوونی هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاری دارایی نەوتی. پسپۆڕانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن، هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە ژێرخانی ڕێگەوبان و بەنداوەکان و وزەی خۆر، هانی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەدات کە وەبەرهێنانی درێژخایەن لە هەرێمی کوردستاندا بکەن. چونکە ئابووریی داهاتوو پشت بە ژینگەی پاک و ژێرخانی بەهێز دەبەستێت، نەک تەنیا فرۆشتنی نەوت، ئەمەش هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێ و ئاسایشی دارایی نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات.

13 حوزەیران 2026 19:21
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026