پایتەخت

زیاتر لە 117 هەزار قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکەن

زیاتر لە 117 هەزار قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکەن
کورتە

وەزارەتی پەروەردە ڕێکاری تووند بۆ ڕێگری لە گزیکردن دەگرێتەبەر

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆتاهاتنی رێکار و ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی ڕاگەیاند لە ڕێگەی سیستمێکی توندوتۆڵیشەوە بە هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە، رێگری لە حاڵەتەکانی گزیکردن دەکرێت.


پەیمان خواجە محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، کۆی گشتی 117 هەزار و 142 قوتابی لە لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکان هەیە.


بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسە بەرفراوانە، وەزارەتی پەروەردە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، دوو هەزار و سێ هۆڵی تاقیکردنەوەی دابین کردووە، کە هەر هۆلێک بەڕێوەبەرێکی بۆ دانراوە و لەلایەن 12 هەزار و18  چاودێرەوە چاودێری پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دەکرێت و هەزار و 376 سەرپەرشتیاریش بەشدارن لە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان، هاوکات بۆ هەر هۆڵێکیش خزمەتگوزارێک تەرخانکراوە.


لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرترین رێژەی قوتابیان لە پارێزگای هەولێرە کە 38,063 قوتابی لە ڕێگەی 665 هۆڵەوە بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکەن. دوای ئەویش پارێزگای دهۆک دێت کە 27,266 قوتابی هەیە و 477 هۆڵی تاقیکردنەوەیان بۆ ئامادەکراوە.


لە پارێزگای سلێمانیش، 26,563 قوتابی لە ڕێگەی 402 هۆڵەوە تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 6,918 قوتابی و 112 هۆڵ هەیە، لە پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و 590 قوتابی لە 38 هۆڵ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ئەنجام دەدەن.


لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 6308 قوتابی لە 122 هۆڵ بەشداری لە تاقیکردنەوەکان دەکەن، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، 4988 قوتابی لە 95 هۆڵ و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، 5356 قوتابی لە 92 هۆڵی تاقیکردنەوە، بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکەن.


هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە قوتابیان کرد، کاتژمێر حەوتی بەیانی لە بەردەم هۆڵەکانی تاقیکردنەوە ئامادەبن و پێشتریش وەزارەتی پەروەردە بۆ ئاگادارکردنەوەی قوتابیان و خانەوادەکانیان، شوێنی هۆڵی تاقیکردنەوەکانی بڵاوکردەوە و دووپاتیشی کردەوە، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی تەواوبوون.

11 حوزەیران 2026 19:48
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026