ترەمپ: ئەمشەو بە تووندی لە ئێران دەدەین
ترەمپ هەڕەشەی هێرشێکی تووند بۆسەر ئێران دەکات و دەیەوێت دەست بەسەر دوورگەی خارک دابگرێت
ترەمپ کۆتایی هاتنی توانا سەربازییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند و هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی شادەماری نەوت دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێکی کتوپڕدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "هێزەکانی دەریا، ئاسمان، سیستەمی ڕادار و دژەفڕۆکە، لەگەڵ زۆربەی تواناکانی هێرشبەریی تاران، بەتەواوی تێکشکێنراون."
ترەمپ ئاشکرای کرد کە تەواوی سیستەمی بەرگری و هێرشبەریی ئێران لەناوچوون و جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمشەو واشنتن هێرشێکی زۆر تووند دەستپێدەکات و دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەدا دەگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی هەڕەشەئامێزدا بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تاران ڕایگەیاند: "ئەمریکا ئەمشەو زۆر بەتووندی لە ئێران دەدات."
ترەمپ پلانێکی ستراتیژیی نوێی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد و گوتی: "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا، دەست بەسەر دوورگەی خارگ و خاڵە هەستیارەکانی تری ژێرخانی وزەدا دەگرین؛ ئێمە کۆنتڕۆڵی ڕەهای بازاڕەکانی نەوت و گازیان دەکەین، ڕێک بەو شێوەیەی پێشتر لەگەڵ ڤەنزوێلا ئەنجاممان دا."