گەشتە هەڵوەشاوەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دەستیان پێکردەوە
گەشتە هەڵوەشاوەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دەستیان پێکردەوە.
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەریی کاتیی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردووە؛ بەهۆیەوە بەشێک لە گەشتەکان هەڵوەشێنراونەتەوە یان دواخراون، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە کەرتی فڕۆکەوانی و کۆمپانیا گەشتیارییەکان گەیاندووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لاوەند مەمووندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێم بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەرچەندە ئاسمانی عێراق دانەخراوە، بەڵام گەشتەکانی هاتن و چوون کەمی کردووە و لەم هەفتەیەدا چەند گەشتێکی فڕۆکەخانەی هەولێر هەڵوەشاونەتەوە یان دواخراون، ئەمەش زیانی گەورەی دارایی بە کۆمپانیاکان، گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان گەیاندووە.
لە بەرامبەردا، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند: "هەڵوەشاندنەوەی چەند گەشتێک لەم هەفتەیەدا کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی گشتیی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دانەناوە، چونکە پڕۆسەکە بەردەوامە و دووبارە ئەو گەشتە هەڵوەشاوانە گەڕاونەتەوە سەر کار و دەستیان پێکردووەتەوە."
ئەحمەد هۆشیار باسی لەوە کرد، داتای گشتی بۆ زیادبوون و کەمبوونی گەشتەکان لەم هەفتەیەدا دەرناکەوێت، چونکە پڕۆسەکە بەردەوامە.