ئەو مێردەی سەری ژنە 17 ساڵانەکەی بڕی لەلایەن دایک و باوکی خێزانی ژنەکەی بەخشرا

لە ئێران کەیسێکی کوشتنی کچێکی هەرزەکاران دنیای شۆک کردووە و دادگە بڕیاری سزادانی تاوانباری ڕاگەیاند
دادگەی ئێران دواجار بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر مێردی ئەو کچە سەپاند، کە سەری ژنەکەی خۆی بڕی و بەدوای خۆیدا لەنێو کوچە و کۆڵانەکانی ئەو وڵاتە ڕادەکێشا.
ئەمڕۆ سێشەممە، پێگەی دەیلی ریکۆرد بڵاویکردەوە، مۆنا حەیدەری، خەڵکی پارێزگای خوزستانی ئێرانە و ئەو کاتەی بەشوودرا، تەمەنی 12 ساڵ بوو، لەتەمەنی 14 ساڵی منداڵی بووە و لە تەمەنی 17 ساڵیدا و لە ساڵی 2022 لەلایەن مێردەکەی کوژرا و سەری بڕاوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی دادگە، مۆنا حەیدەری بەهۆی ئەوەی مێردەکەی لەگەڵی خراپ بووە، هەستاوە خیانەتی لێکردووە و لەگەڵ پیاوێکی دیکە چووەتە تورکیا، بەڵام دواتر باوکی ڕازی دەکات بێتەوە ئێران بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەکەی خۆی بێت و لە شاری ئەهڤازی پارێزگای ئێران، لەلایەن مێردەکەیەوە سەری دەبڕێت بەبیانووی ئەوی "شەرمەزاری کردووە" و سەرەکەشی، هەر وەک لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، کە لەو کاتە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە، لە نێوان کوچە و کۆڵانەکان بەدەستییەوە بە خەڵکی نیشان دەدا.
بەگوێرەی گوتەبێژێکی دادوەری، دادگە تەنیا 8 ساڵ سزای زیندانی بەسەر بکوژی مۆنا حەیدەری سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی کەسوکارەکەی لە بکوژەکە خۆشبوون و داوای سزایان نەکردووە.