بەپەلە.. ئەمڕۆ مووچەی مانگی 5 دەنێردرێت

نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەوە گەیشت
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و چارەسەرکردنی تەواوی ئەو بەربەستانەی هاتنە بەردەم ناردنی مووچەی مووچەرخۆرانی هەرێم، پەرلەمانتارێکی کوردی لە پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات و مژدەی ناردنی مووچە دەدات.
شوانی کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تەواوی کێشەکان چارەسەر کراون و لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کارەکانی ناردنی مووچە دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 5 مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
لەبارەی دووبارە دروستکردنی کێشە و بەربەست لەبەردەم ناردنی مووچە، شوان کەلاری بە پایتەخت میدیای گوت: "ئەمە بڕیارە دوای چارەسەری بەربەست و کێشەکانە دراوە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت هیچ کێشەیەکی دیکە دروست بکرێت .”
بەیانی ئەمڕۆ وەکو یەکەم هەنگاو، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 120 ملیار دیناری ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کرد.
بەپێی رێککەوتنی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی، پێویستە هەرێم رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت و 120 ملیار دیناری ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات و لە بەرامبەردا، مووچە خەرج بکرێت.