پشتگیرییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگیرێن؟
هێزەکانی هاوپەیمانان بەهۆی مەترسییەکانی ئەمنییەکانی ناوچەکە و لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان، ڕێکاری نوێ دەگرتە بەر.
ڕاپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتی ئەمریکا، کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026، تیشک دەخاتە سەر دۆخی نالەباری ئەمنی و دارایی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە، ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران، زیانی گەورەیان بە ژێرخانی ئەمنی و ئابووری هەرێم گەیاندووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە گرووپە چەکدارەکان تەنیا هێزەکانی ئەمریکایان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو بە مەبەست هێرشیان دەکردە سەر دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکانی هەرێم، ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە کە لە 24ی ئاداری ئەمساڵدا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک لەسەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلک سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکەش بریندار بوون.
لە 28 و 29ـی ئاداردا بە درۆن هێرش کرایە سەر ماڵی هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هێرشانە هێندە تووند و مەترسیدار بوون، کە تەنانەت سوپای پاسدارانی ئێرانیش بە فەرمی سەرکۆنەی کردن.
پشکنەری گشتی ئەمریکا زەنگی مەترسی لێدەدات و ڕایدەگەیەنێت کە پێشمەرگە سیستمی پێویستی بەرگریی ئاسمانیی نییە بۆ پاراستنی ئاسمانی هەرێم، ئەمەش هێزەکانی پێشمەرگە و ژێرخانی وزەی نەوت و گاز بە تەواوی لاواز و بێبەرگری کردووە. ئەگەرچی ئەمریکا لە ڕێگەی بنکەی ئاسمانیی هەولێرەوە بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی تێکدەشکاند، بەڵام ناوچەکانی دیکەی هەرێم بێ بەرگری دەمانەوە.
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، هێزەکانی هاوپەیمانان بەهۆی تووندیی هێرشەکان و بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان، هەموو پشتگیری و کارە راوێژکارییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگرتووە، بەشێک لە ڕاوێژکارە ئەمریکییەکانیش عێراقیان جێهێشتووە، لە لایەکی دیکەوە ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازیی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەیلوولی 2026 کۆتایی دێت، ئەمەش داهاتووی مەشق و یارمەتییە داراییەکان دەخاتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە.
لەسەر ئاستی ئابووری ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە بەبێ هاوکاریی دارایی ئەمریکا، حکومەتی هەرێم ناتوانێت خەرجی و مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابین بکات، بەتایبەت کە هەرێم باجی 33 ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە و بە چڕی پشتی بەو بودجەیە بەستووە کە لە بەغداوە دێت.
سەبارەت بە بوونی سەربازی ئەمریکا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "هەرچەندە واشنتن بە تەواوی لە سووریا کشاوەتەوە و ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق کەمکردووەتەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان هێشتووەتەوە، ئێستا کارە سەرەکییەکان لە بنکەی ئاسمانی و ناوەندی دیپلۆماسی هەولێر کە سیستمی بەرگرییان تێدایە چڕکراونەتەوە، و هێزێکی کەمتر لە بنکەی هەریر و "سەربازگەی دهۆک" ماونەتەوە".
پشکنەری گشتی ئاشکرای دەکات کە لە کاتی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، 2820 ئەمریکی و کارمەندی کۆنسوڵخانە و بەڵێندەر، بەهۆی مەترسی هێرشەکانەوە ناوچەکەیان جێهێشتووە.