پایتەخت

گەرووی هورمز ئابووری عێراق دەخنکێنێت

گەرووی هورمز ئابووری عێراق دەخنکێنێت
کورتە

ڕێگرییە لۆجیستی و ئەمنییەکان لە گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز، ئابووری عێراق وێران دەکات و هۆشداری تووند دەدرێت.

گرژییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و گەرووی هورمز کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنییان لەسەر کەرتی نەوتی عێراق دروستکردووە، بە جۆرێک نرخی فرۆشتنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی بۆ ئاستێکی پێوانەیی نزمکردووەتەوە و هەناردەکردنی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.

نرخی فرۆشتنی نەوتی خاوی بەسرەی ناوەند بۆ 68 دۆلار دابەزیوە، هەروەها نرخی نەوتی خاوی بەسرەی قورسیش پاشەکشەی کردووە و تەنها بە 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەم دابەزینە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر قەبارەی داهاتی گشتی عێراق دروستکردووە.

د. نەبیل مەرسوومی، پڕۆفیسۆری ئابووری لە شیکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە کەنداوی هورمز بووەتە ڕێگر لەبەردەم هاتووچۆی ئاسایی کەشتییە زەبەلاحەکانی گواستنەوەی نەوت، ئەم دۆخەش لە لایەکەوە مەترسییەکانی گەیاندنی زیادکردووە، لە لایەکی تریشەوە تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی نەوتی عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.

بەهۆی ئەم ئاستەنگە لۆجستی و ئەمنییانەوە، حکومەتی عێراق ناچار بووە بۆ ڕکابەریکردن لە بازاڕەکانی جیهاندا، داشکاندنی گەورە لە نرخی نەوتەکەیدا بکات، تەنها بە مەبەستی ڕاکێشانی کڕیاران و ڕێگریکردن لە ڕاگرتنی هەناردەکردن.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر جێگیری ئابووری عێراق دروست دەکات، چونکە دوای هەژمارکردنی تێچووی بەرزبووەوەی گواستنەوە لە ڕێگەی دەریاوە بۆ گەرووی هورمز لە کۆی نرخی فرۆشراو تەنها نزیکەی 33 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەمێنێتەوە، ئەمەش زیانێکی قورس بە بودجەی گشتی وڵات دەگەیەنێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.

30 ئایار 2026 09:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026