ئەو گەنجانەی هێرشیانکرده سهر گەشتیاره عەرەبهكان ئازادکران
دوای دوو هەفتە لە دەستگیرکردنیان، سەرجەم ئەو گەنجانەی قەزای کەلار کە هێرشیان کردبووە سەر پاسێکی گەشتیاریی عەرەب، بە کەفالەت ئازاد کران.
سەرجەم ئەو گەنجانەی قەزای کەلار کە بەهۆی هێرشکردنە سەر پاسێکی گەشتیاریی عەرەب دەستگیرکرابوون، دوای دوو هەفتە لە ڕاگرتنیان بە بڕیاری دادوەر و بە کەفالەت ئازاد کران.
ئەمڕۆ دووشەممە ئەیوب مەحموود، یەکێک لە پارێزەرە خۆبەخشەکانی کەیسی ئەو گەنجانە ڕایگەیاند، دوای دوو هەفتە لە ڕاگرتنیان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە پەڕاوی کەفالەتی گەنجە دەستگیرکراوەکانمان خستە بەردەم دادوەر و خۆشبەختانە دادوەر بڕیاری دا سەرجەمیان بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
ڕووداوەکە کاتێک سەریهەڵدا کە ڤیدیۆیەک بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و تێیدا دەرکەوت چەند گەنجێک بە ماتۆڕسکیلەوە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕێگە لە پاسێکی گەشتیاریی عەرەب دەگرن کە لە سەیرانگاکانی هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕانەوە.
دواتر هێزە ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ 6 گەنجیان بەو تۆمەتە دەستگیر کرد، چەند ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنەکە، یەکێک لە گەنجەکان ئازاد کرا، بەڵام دادوەر بڕیاری دا پێنج گەنجەکەی دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بمێننەوە تا ئەمڕۆ کە سەرجەمیان ئازاد کران.
بەپێی گوتەی گەنجەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، هۆکاری کارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە گەشتیارانی ناو پاسەکە لە کاتی ڕۆیشتندا زبڵ و خاشاکیان فڕێداوەتە خوارەوە و سوکایەتییان پێکراوە و ئەمەش وای لێکردوون کاردانەوەیان هەبێت.