پایتەخت

تورکیا و عێراق لەسەر دۆسیەیەکی مەترسیدار گەیشتنە قۆناغی کۆتایی

تورکیا و عێراق لەسەر دۆسیەیەکی مەترسیدار گەیشتنە قۆناغی کۆتایی
کورتە

تورکیا زیاتر لە 180 زیندانیکراوی داعشی لە زیندانەکانی عێراق وەردەگرێتەوە.

تورکیا نزیکبووەتەوە لە داخستنی دۆسیەی ئەو چەکدارانەی داعش کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکین و لە زیندانەکانی عێراقدان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی گواستنەوەی زیاتر لە 180 چەکدار بۆ زیندانەکانی وڵاتەکەی لە قۆناغی کۆتاییدایە و داواشی لە وڵاتانی دیکە کرد هەنگاوی هاوشێوە بنێن.

ئەمڕۆ دووشەممە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمی عێراقی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بە تەواوی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق هاوکارە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارانە، هەروەها ئینان گوتی: "پێشبینی دەکەین ئەم دۆسیەیە بەمزووانە دابخرێت". هاوکات داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد کە چەکدارە دەستبەسەرکراوەکانیان بە تۆمەتی تیرۆر لە عێراق وەرگرنەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە ڕەگەزنامەی تورکیان هەیە و لە عێراق دەستبەسەرن، زیاتر لە 180 کەسن، ئەم ژمارەیە ئەو چەکدارانەش دەگرێتەوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق گواستراونەتەوە.

لەمەودایەکی دیکەی لێدوانەکەیدا باڵیۆزی تورکیا تیشکی خستە سەر پەیوەندییە ئابووری و ژێرخانییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕایگەیاند، قەبارەی هەناردەی کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 12.3 ملیار دۆلار و ئەنقەرە پلان دادەنێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بۆ 30 ملیار دۆلار بەرزبکاتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئاو، باڵیۆزەکەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە مافی دادپەروەرانەی عێراق دەکات لە پشکی ئاودا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنقەرە هاوکار دەبێت لە بونیادنانی ژێرخانێکی نموونەیی بۆ ئاو لە عێراق، ئەوەش لە چوارچێوەی "ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاریی لە بواری ئاودا" کە لە ئەیلوولی ساڵی 2024ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

25 ئایار 2026 11:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026