دوو ئەستێرەی دیکە ماڵئاواییان لە یانەی شاهانە کرد
ریال مهدرید تووشی ههڵوهرینێكی دیكه بوو
ریال مەدرید لە کۆتا یاری ئەم وەرزەی لالیگادا بە فەرمی کۆتاییهاتنی سەردەمێکی مێژوویی وهێڵی بەرگری ماڵئاوایی لە دوو ئەستێرەی دیاری یانەکەی کرد، کە ئەوانیش دانی کارڤاخال و دەیڤد ئالابا.
ئەم ماڵئاواییە لە دوایین یاری ئەم وەرزەی خولی لالیگای ئیسپانی تێکەڵەیەک لە هەستی دڵخۆشی و خەمباری بۆ هاندەرانی یانەی شاهانە دروستکرد، چونکە لە لایەکەوە یانەکەیان یارییەکەی بردەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لەم وەرزەدا نەیانتوانی هیچ نازناوێک بەدەستبهێنن و دوو یاریزانی گرنگیش ڕیزەکانی یانەکەیان جێهێشت.
دانی کارڤاخاڵ بەرگریکاری مێژوویی ئیسپانیا، دوای 23 ساڵ خزمەتکردن بە درێسی سپییەوە کۆتایی بە کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید هێنا، کارڤاخاڵ لە ساڵی 2002 لە ئەکادیمیای لاوانی یانەکەوە دەستیپێکرد و دواتر سەرکەوت بۆ تیپی دووەم، ئەو لە ساڵی 2012 بۆ ماوەی وەرزێک ڕووی لە یانەی لیڤەرکوزنی ئەڵمانی کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاستی، پاشان گەڕایەوە و گەیشتە لوتکەی سەرکەوتنەکان. کارڤاخاڵ لە ماوەی یاریکردنیدا 26 نازناوی جیاوازی لەگەڵ یانەکە بردەوە و یەکێکە لەو یاریزانە کەمانەی کە خاوەنی 6 نازناوی چامپیۆنزلیگن.
لە لایەکی دیکەوە دەیڤد ئالابای بەرگریکاری نەمسایی دوای 5 ساڵ یاریکردن لە ڕیال مەدرید کۆتا یاری خۆی لە دژی یانەی ئاتلێتیک بیلباو ئەنجامدا و ماڵئاوایی کرد، ئالابا لە ساڵی 2022 و دوای سەرکەوتنە مێژووییەکەیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ، بە بەرزکردنەوەی کورسییەک ئاهەنگی گێڕا، کە ئەو دیمەنە بووە یەکێک لە ناوبانگترین ترێندە وەرزشییەکان.
دەیڤد ئالابای لە کاتی ماڵئاواییکردنەکەشیدا، هاندەرانی ریال مەدرید بە بەرزکردنەوەی کورسی ڕێزیان لەم یاریزانە گرت کە بۆ هەمیشە ناوی لە مێژووی یانەکەدا دەمێنێتەوە.