گەرووی هورمز دەکرێتەوە و ئێران یۆرانیۆم ڕادەست دەکات
ئێران بە ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو ڕازی بووە؛ ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز ناوەڕۆکی دانوستانەکان ئاشکرا دەکات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران پشتگیری خۆی بۆ چوارچێوەی گشتی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتن دەربڕیوە، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
بەپێی راپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، دەستپێشخەرییە پێشکەشکراوەکەی ئەمریکا لەسەر هاوکێشەی "هەنگاو بە هەنگاو" بەڕێوە دەچێت، لە قۆناغی یەکەمدا ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر بنەمای سەرەکی کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵدەگرێت.
لەگەڵ پرسی گەرووی هورمز، تاران ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ ڕادەستکردنی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەدا سەیر دەکرێت.
بەرپرسە باڵا ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دانوستان لەسەر وردەکاریی ڕێکارە ئەتۆمییەکان کاتی زیاتری دەوێت، بە گوتەی ئەو کێشەی سەرەکی لە ئێستادا "ڕەتکردنەوەی پرۆسەکە" نییە لەلایەن ئێرانەوە، چونکە تاران لەسەر بنەماکە ڕازی بووە، بەڵکو کێشەکە بریتییە لە شێوازی تەکنیکی بۆ لەناوبردن یان گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو کە پێویستی بە گفتوگۆی چڕتر هەیە.
ئەم پێشهاتە نوێیە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە کەرتی وزە و ئاسایشی دەریاییدا.