هەواڵێکی ناخۆش بۆ ئەرجەنتین؛ مێسی بەشداری مۆندیال دەکات؟
لیۆنێل مێسی تووشی پێکان هات و پێشبینی دەکرێت نەتوانێت بەشداری مۆندیال بکات.
تەنیا 17 ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، لیۆنێل مێسی ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە پێکانێک لە خولی ئەمریکی تووشی پێکانبوو، شەپۆلێک لە نیگەرانی و ترسی گەورەی لەنێو هاندەرانی تانگۆ و میدیا جیهانییەکاندا دروست کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یارییەکانی نێوان ئینتەرمەیامی و فێلادێلفیا، مێسی لە خولەکی 72 بەهۆی هەستکردن بە ئازار لە ماسوولکەی دواوەی ڕانی چەپی، داوای گۆڕانکاری کرد و یاریگای جێهێشت. ئەوەی زیاتر گومانی دروست کردووە و چوونە دەرەوەی ڕاستەوخۆی مێسی بوو بۆ ژووری جلگۆڕین، بێ ئەوەی لەسەر کورسی یەدەگی یانەکەی دانیشێت، ڕێکارێک کە میدییاکانی ئەرجەنتین وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی بۆ ڕێگری لە قورستر بوونی پێکانەکەی وەسفی دەکەن.
گێرمۆ هویۆس، ڕاهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی لەبارەی دۆخی ئەستێرەکەیانەوە ڕایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکی فەرمیمان لەبەردەست نییە و قسەم لەگەڵ مێسی نەکردووە، لە داهاتوودا زانیاریی ڕوون بڵاودەکەینەوە، بەڵام پێشبینی دەکەم تەنیا هەستکردن بێت بە ئازار و قورس نەبێت".
ماتیۆ سیلڤێتی، یاریزانی هاوتیپی مێسی نیگەرانی خۆی وەک ئەرجەنتینییەک نەشاردەوە و گوتی: "منیش وەک هەمووان هەمان گومان و پرسیارم هەیە، کاتێک چوومە ناو یاریگا هیوام خواست بارودۆخی ببینم بەڵام بەهۆی چوونە دەرەوەی ڕاستەوخۆی بۆ بەشی پزیشکی نەمبینی، ئێمەش چاوەڕێین".
تاوەکو ئێستا نە یانەی ئینتەرمەیامی و نە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین (AFA) هیچ بەیاننامەیەکی فەرمییان لەسەر پشکنینە پزیشکییەکان بڵاونەکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە شەقامی وەرزشی ئەرجەنتین لە دۆخی چاوەڕوانییەکی پڕ لە ترسدا بمێنێتەوە.