یەکێتی زانایان بڕیاری کۆتایی دا
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی بڕیاری کۆتایی لەسەر شوێنی قوربانیکردن دا
لەبەر رەچاوکردنی دۆخی تەندروستی سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگە باشترە یەکێتی زانایان پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکە دووپات دەکاتەوە، شوێنی دروستی قوربانی کردن ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە د.عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوە داین لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتییان و پابەند بوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، قوربانی لە کوشتارگەکان دا ئەنجام بدرێت نەک ماڵ و شەقام و گەڕەکەکان.
د.عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر ڕەچاوی مەرجی تەندروستی نەکرێت ئەوا ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە پاشماوەی ئاژەڵەکاندا و پیس بوونی ژینگە دەبێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، لە ڕووی شەریعەتی ئیسلام ئاساییە ئەگەر لە کوشتارگەکاندا ئاژەڵ سەرببڕدرێت لە ڕێگەی وەکیلەوە و قوربانی بکرێت.
لای خۆیەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەر بڕیارێک لەلایەن لێژنەی فەتوای هەرێمی کوردستانەوە بێت ئێمە لەگەڵ ئەو بڕیارە دا دەبین، چونکە هەندێک کەس هەیە باوەڕی وایە لە ماڵەوە قوربانی بکات و هەندێکی دیکەش لە کوشتارگەکاندا.
ئەمە دوای ئەوە دێت، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان کردەوە، کە پێویستە ئەنجامدانی قوربانی لە کوشتارگەکاندا بکرێت، بە پێچەوانەوە لەسەر شەقام، گەڕەک و ناو ماڵاندا ڕێگەپێدراو نییە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕوو ڕێکاری یاسایی دەکرێنەوە.