ئیماڕات: ئەو درۆنەی وێستگەی ئەتۆمی بەراکەی کردە ئامانج لە عێراقەوە هاتبوو
لە زنجیرەیە هێرشی درۆنیدا، هەوڵی بەئامانجگرتنی وێستگەی ئەتۆمی ئیماڕات دراوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر هێرشە درۆنییەکەی سەر وێستگەیەکی ئەتۆمی ئیماڕات کرد و هۆشداری تووندیان دا.
وەزارەتی بەرگری ئیماڕات ڕایگەیاند، ئەو درۆنانەی کە وێستگەی ئەتۆمی 'بارەکە'ـی لە وڵاتەکە کردە ئامانج، سەرجەمییان لە عێراقەوە هاتبوون و پێشبینی دەکرێت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانە (کە سەر بە ئێرانن) هەڵدرابن، ئەمەش جگەی لەوەی لە 48 کاتژمێری رابردوودا 6 درۆنی دوژمنیان تێکشکاندووە.
ئێران لە سەرەتای جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28-2-2026 هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیماڕات و تا ئێستاش خۆیان لە هیچ کام لە هێرشەکان بە بەرپرسیار نەزانیوە، زۆر جار گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ خۆدزینەوە لەم بەرپرسیارەتییە بەکاردەهێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکان هێرشە هیچ زیانێکی گیانی و تیکشکدانەوەی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دا کە ئەگەر بێتو درۆنێک ڕاستەوخۆ بەر باڵەخانەکەی وێستگە ئەتۆمییەکەی بەراکە بکەوێت، ڕێژەیەکی زۆری تیشكدانەوەی ئەتۆمی لێدەکەوێتەوە. هەر لەسەر هێرشە درۆنییەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەووەی نایاسایی کرد و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ڕؤژئاوایی سەرکۆنەکە کرد و هۆشداریشی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم جۆرە هێرشانە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانی خۆی لەبارەی هەواڵەکانی پەیوەست بە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکان دەربڕی و جەختی لە رەتکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک کردەوە کە ئاسایشی وڵاتانی برا بکاتە ئامانج. ئەمەش لەکاتێکدایە گروپە چەکدارەکانی عێراق لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە رایانگەیاندووە کە لەپاڵ ئێران چوونەتە ناو جەنگەکەوە.