بە بڕیاری مەسرور بارزانی هاوکاری بەسەر نزیکەی 4 هەزار کەس دابەش دەکرێت
لە ژێر چاودێری مەسرور بارزانی، هاوکارییە دارایی و مرۆییەکان بەسەر 4 هەزار هاووڵاتی دابەش دەکرێت
لە ژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییە دارایی و مرۆییەکان بەسەر ڕزگاربووانی ئێزیدی دەستی داعش بەردەوامە، نزیکەی 4 هەزار ئێزیدی ئەمجارە سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی سەرپەرشتی دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو لیستە نوێیەی کە بڵاومان کردووەتەوە، ناوی 3590 ڕزگاربووی دەستی داعش لەم پرۆسەیەدا هەیە، کارەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەگەنە دەست هەمووان."
سەبارەت بەشێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، لیژنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دابەشکردنی هاوکارییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان لە چوار شوێنی جیاواز بەڕێوەدەچێت، پڕۆژەکە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ "بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی" جێبەجێ دەکرێت، کە بە شێوەیەکی تایبەت کار لەسەر دۆسیەی ڕزگاربووانی پێکهاتەی ئێزیدی دەکات.
ئەم پڕۆژەیە کە ئامانج لێی سووککردنی بارگرانی سەر شانی خوشک و برایانی ئێزدی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیانە، نزیکەی دوو ساڵە بە بێبڕانەوە بەردەوامە، بەرپرسانی لیژنەکە دەڵێن: "لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، پڕۆژەکە دەبێتە دوو ساڵ کە بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک و بە شێوەیەکی شەفاف پرۆسەی گەیاندنی کۆمەک بەردەوامی هەیە."
بەپێی ئەو خشتەیەی کە بۆ ئەم قۆناغە دیاریکراوە، پڕۆسەی دابەشکردنەکە لە ڕۆژی هەینی 22ـی ئایاری 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 25ـی ئایاری 2026 لە چوار خاڵی جیاواز بەردەوام دەبێت.