پایتەخت

ئەنچێلۆتی: نەیمار بۆ جەنگ هاتووە نەک بۆ کورسی یەدەگ!

ئەنچێلۆتی: نەیمار بۆ جەنگ هاتووە نەک بۆ کورسی یەدەگ!
کورتە

کارلۆ ئەنچێلۆتی، ڕاهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی بەڕازیل نهێنی گەورە ئاشكرا دەکات

 

کارلۆ ئەنچێلۆتی، ڕاهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی بەڕازیل، بە فەرمی هۆکارەکانی پشت بانگهێشتکردنی نەیمار دا سیلڤای بۆ ڕێزبەندی "سیلیساو" بۆ مۆندیالی 2026 ڕوونکردەوە و متمانەی خۆیشی بە توانای تیپەکە بۆ بردنەوەی نازناوەکە دەربڕی.

 

ئەنچێلۆتی لە دوای ڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی یاریزانانی بەڕازیل ئاماژەی بەوە کرد، کە ستافی ڕاهێنەران بە درێژایی ساڵەکە چاودێری دۆخی نەیماریان کردووە، ئەو گوتی: "نەیمار لە یارییەکانی ئەم دواییەدا بەردەوامییەکی باشتری هەبووە و باری جەستەیی خۆی ڕێکخستووەتەوە، ئێمە وەک یاریزانێکی سەرەکی و کاریگەر لەم مۆندیالەدا سەیری دەکەن، بەڵام هەمان بەرپرسیارێتی و ڕۆڵی هەر یاریزانێکی دیکەی لەسەر شانە."

 

ڕاهێنەرەکەی بەرازیل جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری هێنانی نەیمار تەنها پەیوەست بووە بە لایەنی جەستەییەوە و چونکە لە چەند یاری ڕابردوودا بەردەوام بووە، بڕیارەکەیان داوە، ئەنچێلۆتی گوتیشی: " هەڵسەنگاندنی تەواوی ساڵەکە وەک هەمیشە گوتوومە، لەسەر لایەنی جەستەیی بووە، تەنها پەیوەندی بە باری جەستەیی نەیمارەوە هەبووە، لە چەند یاریی رابردوودا ئەو بە شێوەیەکی بەردەوام یاریی کردووە و هێشتا دەتوانێت پێش دەستپێکردنی مۆندیال لە ڕووی جەستەییەوە پەرە بە خۆی بدات، بڕوامان وایە جگە لەوەش، ئەزموونی ئەو لەم جۆرە پاڵەوانێتییانەدا و پەیوەندییەکەی لەگەڵ تیپەکە دەتوانێت یارمەتیدەری کەشوهەواکە بێت و یارمەتی تیپەکە بدات باشتر دەربکەون، ئێمە نەیمارمان بۆ ئەوە هەڵنەبژاردووە کە پێمان وابێت یەدەگێکی باش دەبێت، بەڵکو نەیمارمان هەڵبژاردووە چونکە بڕوامان وایە دەتوانێت یارمەتی تیپەکە بدات، جا چ بۆ یەک خولەک بێت، پێنج خولەک، 90 خولەک یان تەنانەت بۆ لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بێت."

 

لە کۆتاییدا کارلۆ ئەنچێلۆتی پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی هاندەران کرد و داوای کرد تەواوی هیواکان لەسەر یەک یاریزان کۆنەکرێنەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکان بەسەر گشت تیپەکەدا دابەش بکرێن، ئەو گووتی: "من بەدوای ناوە گەورەکاندا ناگەڕێم، تەنها ئەو یاریزانانەم دەوێت کە ئامادەن بجەنگن، متمانەی تەواوم بەم گروپە هەیە کە کێبڕکێی باشترینەکانی جیهان بکەن، ئایا دەتوانین ببینە پاڵەوان؟ بەڵێ، بڕوام وایە دەتوانین مۆندیال ببەینەوە."

19 ئایار 2026 19:02
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026