پایتەخت

بەنزینی خراپیان بە خەڵک فرۆشت و بە 80 ملیۆن دینار سزادران

بەنزینی خراپیان بە خەڵک فرۆشت و  بە 80 ملیۆن دینار سزادران
کورتە

لە ماوەی نزیکەی دوو مانگ دا ژمارەیەک بەنزینخانە لە هەولێر بەهۆی سەرپێچیکردن داخراون

لە ماوەی نزیکەی دوو مانگ دا ژمارەیەک بەنزینخانە لە هەولێر بەهۆی سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکان و فرۆشتنی بەنزینی بێ کوالێتی داخراون.

 

ئەمڕۆ دووشەممە سالار محەممەد، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە مانگی چوار 12 بەنزینخانەمان بەهۆی کوالێتی خراپی بەنزین داخستووە، هەروەها بە بڕی 42 ملیۆن و 500 هەزار دینار سزادراون.

 

سالار محەممەد ئاماژەی بەوە دا، لە مانگی پێنج دا تاوەکو ئێستا 7 بەنزینخانەمان داخستوون، لەبەر ئەوەی جاری سیێەم وچوارەمیان بوو سزاکەیان زیاتر بووە کە 37 ملیۆن 500 هەزار دینار سزادراون.

 

لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون دووپاتی کردەوە، بەپێ کوالێتی خراپی بەنزین و دووبارەکردنەوەکەیان ماوەی داخستنەکە دیاری دەکرێت لە 10 ڕۆژ دەستپێدەکات تا 250 ڕۆژ.

 

سالار محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، هەر بەنزینخانەیەک کە دادەخرێت پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکات، تاوەکو پارەکەیان لێ وەربگیرێت، هەروەها  تاوەکو و ئەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە کوالێتی بەنزینەکە نەگۆڕن بەنزینخانەکانیان ناکرێتەوە.

18 ئایار 2026 21:13
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026