ئەفسانەیەکی تر ڕیال مەدرید جێدەهێڵێت
دواجار کاروانی وەرزشی دانی کارڤاخال، کاپتنی دێرینی یانەی ڕێال مەدرید کۆتایی دێت و بە فەرمی یانەکە جێدەهێڵێت.
یانەی ڕیاڵ مەدرید بەشێوەیەکی فەرمی ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ دانی کارڤاخال، کاپتنی دێرینی تیپەکە ڕاگەیاند، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشی ئەو یاریزانە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، کارڤاخال بڕیاریداوە بە درێسی یانەی شاهانەوە پێڵاوەکانی هەڵبواسێت و کۆتایی بە گەشتە مێژووییەکەی بهێنێت.
یانەی ڕیاڵ مەدرید لە پێگەی فەرمی خۆی باسی لەم بڕیارە کردووە و سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ کارڤاخال دەربڕیوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی مێژووی یانەکە و تۆپی پێی جیهان دادەنرێت، کارڤاخال لەو پێنج یاریزانە دەگمەنەی مێژووە کە توانیویانە 6 جار نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا "چامپیۆنزلیگ" بەدەستبهێنن.
دانی کارڤاخال لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید لە ساڵی 2002ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک وەک منداڵێک چووە ناو ئەکادیمیای یانەکە، ئەو بۆ ماوەی 13 وەرز بەرگری لە درێسی لۆس بلانکۆس کردووە؛ 10 ساڵ لە تیپە تەمەنییەکان و 13 وەرز لەگەڵ تیپی یەکەم. لەم ماوەیەدا کارڤاخال بووە خاوەنی 27 نازناوی جیاواز کە بریتین لە:
- 6 خولی پاڵەنەوانەکانی ئەورووپا
- 6 جامی جیهانی یانەکان
- 5 جامی سوپەری ئەوروپا
- 4 خولی ئیسپانیا (لالیگا)
- 2 جامی شای ئیسپانیا
- 4 جامی سوپەری ئیسپانیا
کارڤاخال بە درێسی مەدریدەوە 450 یاری ئەنجامداوە و 14 گۆڵی تۆمارکردووە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی 51 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە و نازناوی یۆرۆی 2024 و خولی نەتەوەکانی ئەوروپای 2023ی بردووەتەوە، لەسەر ئاستی تاکەکەسی کارڤاخال لە پێکهاتەی نموونەیی FIFPro بۆ ساڵی 2024ـدا بوو، هەروەها چووە ناو پێکهاتەی نموونەیی The Best بۆ هەمان ساڵ، وەک باشترین یاریزانی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای 2024 هەڵبژێردرا کە تێیدا گۆڵێکی تۆمارکرد.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید ستایشی پێگەی کارڤاخالی کرد و ڕایگەیاند: "دانی کارڤاخال ئەفسانە و هێمایەکی ریال مەدرید و ئەکادیمیاکەیەتی. وێنەکەی لە تەنیشت ئەفسانەی کۆچکردوومان ئەلفریدۆ دی ستیفانۆ لە کاتی دانانی بەردی بناخەی شاری وەرزشیی ریال مەدرید، بۆ هەمیشە لە دڵی هەموو مەدریدییەکان و لە مێژووی یانەکەماندا دەمێنێتەوە. کارڤاخال هەمیشە بەباشترین شێوە نوێنەرایەتی بەهاکانی ریال مەدریدی کردووە. ئێرە ماڵی ئەوە و هەمیشەش وا دەمێنێتەوە."
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە کۆتا یاریی ئەم وەرزەی لا لیگادا، مەراسیمێکی گەورە و تایبەت بۆ ماڵئاوایی و ڕێزلێنان لەم ئەفسانەیە ڕێکبخات.