پایتەخت

گەندەڵییەکی گەورە لە عێراق ئاشکرابوو

گەندەڵییەکی گەورە لە عێراق ئاشکرابوو
کورتە

دۆسییەکی گەندەڵی عێراق دەهەژێنێت و تێیدا بۆ هەر مەترێک زەوی بە 7 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.

 دۆسیەیەکی گەندەڵی و بەهەدەردانی دارایی گشتی لەسەر ئاستی باڵای حکومەتی عێراق ئاشکرا دەبێت، هیام یاسری وەزیرێکی پێشووی عێراق، دۆسیەیەکی تایبەت بە کڕینی پارچە زەوییەک لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەداتە دەستەی دەستپاکی، کە گوایە زەوییەکی بۆ وەزارەتەکەی لە کوڕەکەی کڕیوەتەوە کە هەر مەترێکی بە حەوت ملیۆن دینار بووە.
 
هیام یاسری، وەزیری پێشووی گەیاندن و ئەندام پەرلەمانی ئێستای عێراق، لە 17ی ئاداردا نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی نووسینگەی وەزیری تەندروستیی عێراق کردووە، لە نووسراوەکەدا پرسیارێکی پەرلەمانی لەبارەی مامەڵەیەکی گوماناوی ئاراستە کراوە کە پەیوەندی بە ساڵح حەسناوی، وەزیری پێشووی تەندروستییەوە هەیە، کە پێشتر هەردووکیان لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانیدا پێکەوە پۆستی وەزیریان هەبووە.

پەرلەمانتارەکە داوای ڕوونکردنەوەی خێرا دەکات لەسەر هۆکاری کڕینی پارچە زەوییەک بە ڕووبەری 1688 مەتر چوارگۆشە لە ناوچەی وەزیریەی بەغدا لە ڕێکەوتی 19ی نیسانی 2026. بەپێی زانیارییەکان، نرخی هەر مەترێک لەو زەوییە بە 7.2 ملیۆن دیناری عێراقی خەمڵێندراوە.

ئەوەی دۆسییەکە زیاتر هەستیار دەکات، لایەنی فرۆشیاری زەوییەکەیە، بەپێی نووسراوەکەی یاسری، زەوییەکە لە چەند کەسێک کڕدراوەتەوە کە یەکێکیان بە ناوی (مەهدی ساڵح مەهدی) کوڕی خودی وەزیری پێشووی تەندروستییە و کەسێکی دیکەیشیان بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پشکنین بووە لە هەمان وەزارەتدا.

یاسری لە نووسراوە فەرمییەکەیدا مۆڵەتی 15 ڕۆژی دیاری کردووە بۆ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بە بەڵگەنامەی فەرمی وەڵامی گومانەکان بداتەوە، هەروەها هیام یاسری گووتی: "دۆسییەکەم بە فەرمی ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراق کردووە" بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر بکرێت.

18 ئایار 2026 16:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026