پایتەخت

هەواڵگری ئێران هەڕەشە لە هونەرمەندە کوردەکان دەکات

هەواڵگری ئێران هەڕەشە لە هونەرمەندە کوردەکان دەکات
کورتە

بە ئاشکرا دەچەوسێندرێنەوە؛ دەزگای هەواڵگری ئێران لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەڕەشە لە هونەرمەندان دەکات.

گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، لە نوێترین پێشهاتیشدا دەزگای هەواڵگری ئێران کەمپینێکی بەربڵاوی هەڕەشە و چاوترسێن کردنیان دژی هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی بۆکان دەستپێکردووە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گوتنی مۆسیقا و سروودی نیشتمانی.

 
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، دەزگای هەواڵگری ئێران لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پەیوەندییان بە ژمارەیەکی زۆر لە گۆرانیبێژان، ژەنیاران و تەنانەت خاوەن ستۆدیۆ و ناوەندە مۆسیقییەکانی بۆکان کردووە، لەو پەیوەندییانەدا هۆشداریی تووندیان پێدراوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی بەرهەمبهێنن یان بڵاوی بکەنەوە. دەزگا هەواڵگرییەکە پێیانی ڕاگەیاندووە کە ئەم جۆرە بەرهەمانە وەک چالاکی دژە شۆڕش دەستنیشان دەکرێن و سزای قورسیان بەدوادا دێت.

 
ئەو گوشارانە دوای دەستگیرکردنی هونەرمەندی ناسراوی بۆکانی، سەید عەلی قوڕەیشی گەیشتووەتە لووتکە، ناوبراو ماوەی 7 ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەید عەلی لە مافی بینینی خێزانەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

 
لەگەڵ شاردنەوەی شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تووندیان لە بنەماڵەکەشی کردووە کە نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک یان هەواڵێک لەسەر دەستگیرکردنی کوڕەکەیان لە میدیاکاندا بڵاو بکەنەوە.

 
هەواڵگری ئێران بە ڕوونی بە هونەرمەندانی بۆکانیان ڕاگەیاندووە کە هەر جۆرە سەرپێچییەک لەم بڕیارە نوێیە، ڕاستەوخۆ بە واتای دەستگیرکردن، دادگاییکردن و سەپاندنی سزای تووندی بەندکردن دەبێت، چاودێرانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ئەم هەنگاوە هەوڵێکی نوێی دەسەڵاتە بۆ کپکردنی دەنگی ڕەخنەگر و کەمکردنەوەی کاریگەریی مۆسیقای نەتەوەیی لەسەر کۆمەڵگە.

18 ئایار 2026 15:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026