وەزارەتی داد رێکاری تووند دژی ساختەکاری دەگرێتەبەر
وەزارەتی داد رێکاری نوێ بۆ رێگری لە ساختەکاری لە فەرمانگەکانی دادنووسی رادەگەیەنێت.
بەمەبەستی پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە تاوانەکانی ساختەکاری لە واژۆ و پەنجەمۆردا، وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنووسی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی داد گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنووسی کرد، لەو گشتاندنەدا جەخت لەسەر پابەندبوونی تووند بە ڕێنماییە نوێیەکان کراوەتەوە لەکاتی راپەڕاندنی مامەڵە دادییەکاندا، ئەم بڕیارەی وەزارەتی داد دوای نووسراوێکی فەرمی لایەنی پەیوەندیداری وەزارەتی ناوخۆ دێت کە لە 28ـی نیسانی 2026 ئاڕاستەی وەزارەتەکە کرابوو، تێیدا هۆشداری لەسەر رێکارەکانی وەرگرتنی پەنجەمۆر و مەترسییەکانی ساختەکاری درابوو.
بەپێی گشتاندنەکەی وەزارەتی داد، پێویستە فەرمانبەرانی دادنووسی لەمەودوا بە وردی ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
- ئامادەبوونی خاوەن مامەڵە، پێویستە خودی خاوەن مامەڵەکە ئامادە بێت و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت کەسێکی دیکە لە جیاتی ئەو پەنجەمۆر بکات.
- پشکنینی پەنجە، پێویستە پەنجەی کەسەکە تەواو پاک بێت و فەرمانبەر دڵنیا بێتەوە لەوەی پەنجەکە راستەقینەیە و دەستکرد نییە.
- شێوازی پەنجەمۆرکردن، پێویستە بڕی مەرەکەبی ستامپەکە گونجاو بێت لەکاتی پەنجەمۆرکردندا نابێت پەنجەکە بسوڕێت بۆ ئەوەی هێڵەکانی پەنجەکە بە روونی بنەخشێن.
- شوێنی پەنجەمۆر و ڕەنگ، نابێت پەنجەمۆرەکە بکەوێتە سەر نووسینی مامەڵەکە بەڵکو دەبێت لە شوێنێکی بەتاڵ یان لەسەر ناوەکە و تەنیشتی بێت، تەنیا ستامپی گونجاو بە ڕەنگەکانی شین یان رەش بەکاردەهێنرێت.
- قەدەغەکردنی تێکەڵبوونی پەنجەمۆر، بە هیچ شێوەیەک نابێت دوو پەنجەمۆر لەسەر یەک بنرێن، ئەگەر پەنجەمۆری یەکەم تێکچوو یان ناڕوون بوو، دەکرێت لە تەنیشتیدا پەنجەمۆرێکی تر بکرێت و ئاماژەی پێ بدرێت.
وەزارەتی داد لە رێنماییەکەدا میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە ناچارییەکانی ڕوون کردووەتەوە، ئەگەر کەسەکە پەنجەی گەورەی دەستی چەپی نەبوو، ئەوا پەنجەی گەورەی دەستی ڕاستی لێ وەردەگیرێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر کێشە لە هەردوو پەنجە گەورەکاندا هەبوو ئەوا پەنجەکانی تری دەستی بەکاردەهێنرێن.
ئەم هەنگاوە نوێیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ تووندکردنەوەی رێکارە یاساییەکان، پاراستنی مافی گشتی و تایبەت، پاراستنی ئاسایشی بەڵگەنامە فەرمییەکان لە هەرجۆرە ساختەکاری و پێشێلکارییەک.