باران و خۆڵبارین دەستپێدەکاتەوە
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، دووبارە شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە دەکاتەوە و خۆڵبارانیشی لەگەڵە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیاند، کە تێیدا ئاماژە بە بارانبارینی پچڕپچڕ لە ناوچە شاخاوییەکان و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک لە ناوچەکانی باشووری هەرێم دەکات.
کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەگشتی لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لەکاتەکانی بەیانی تا ئێوارە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات شایەتی نمەباران دەبن، لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەریی ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە نیمچەشاخییەکانی دیکە بەشێوەی نمەبارانی کەمی پچڕپچڕ، هاوکات لە ناوچەکانی باشووری هەرێم، ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک هەیە، پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، بەڵام لە چەند کاتژمێرێکدا بۆ سەرووی 25 کم/ک چالاک دەبێت.
کەشوهەوای سبەی سێشەممە ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا، سەرەتا نمەباران لە ناوچە سنوورییەکان دەستپێدەکات و لە هەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و هەورەتریشقە، لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەریی بارانەکە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی و هەولێریش دەگرێتەوە، بەڵام بۆ کاتەکانی ئێوارە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 1 تا 2 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با لە کاتەکانی نیوەڕۆ تا ئێوارە ئەگەری هەیە بگاتە سەرووی 35 کم/ک.
کەشناسی هەرێم بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی ڕاگەیاندووە کە بەم شێوەیەیە:
هەولێر؛ 25 پلەی سیلیزی
پیرمام؛ 21 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 22 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 22 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ؛ 25 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 24 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 30 پلە سیلیزی