پایتەخت

بڕیارە مێژووییەکەی ئانچیلۆتی؛ ناوی نەیمار لە لیستی مۆندیال دەبێت؟

بڕیارە مێژووییەکەی ئانچیلۆتی؛ ناوی نەیمار لە لیستی مۆندیال دەبێت؟
کورتە

نەیمار دا سیلڤا هیوا دەخوازێت کارلۆ ئانچیلۆتی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل لە لیستی بەشداربووانی مۆندیالی ساڵی 2026 زیادی بکات.

نەیمار دا سیلڤا، ئەستێرە و گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی بەڕازیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمی خۆی لە ئێکس وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە لە قۆناغی چاکبوونەوەی لە پێکانە سەختەکەی ئاڕاستەی دەکران، نەیمار جەختی کردەوە کە لە ڕووی جەستەییەوە لەوپەڕی ئامادەییدایە و شایستەی ئەوەیە لە لیستی کۆتایی کارلۆ ئانچیلۆتی بۆ مۆندیالی 2026 دا بێت.

نەیماری تەمەن 34 ساڵ، کە ئێستا لە ڕیزەکانی یانەی سانتۆسی بەڕازیلی یاری دەکات، لە ساڵی 2023 بەهۆی پێکانێکی قورسی ئەژنۆ و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە پێکهاتەی "سیلیساو" دوورکەوتووەتەوە، ئەو هێرشبەرە دوای یارییەکەیان بەرامبەر کوریتیبا ڕایگەیاند: "من لە بارودۆخێکی جەستەیی نایابدام و لەگەڵ هەر یارییەکدا ئاستم باشتر دەبێت. کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆمم داوە."

نەیمار بە دڵتەنگییەوە ئاماژەی بەو دەنگۆیانە کرد کە لە ماوەی دوورکەوتنەوەی لەبارەیەوە دەوتران و گوتی: "چەندین ساڵ کارم کرد و ماندوو بووم، لە بەرامبەردا کۆمەڵێک قسەی بێمانا لەبارەی بارودۆخی من و کارەکانم دەوتران، ئەو شێوازەی خەڵک قسەی پێ دەکەن بە ڕاستی خەمناکە، من لە ماڵەوە بە بێدەنگی و جدی کارم دەکرد، لە کاتێکدا بەهۆی قسەی خەڵکەوە ئازارم دەچێشت."

پێشتر کارلۆ ئانچیلۆتی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل ڕایگەیاندبوو کە مەرجی سەرەکی بۆ بانگهێشتکردنی نێیمار بۆ مۆندیال، ئامادەیی 100٪ی جەستەیی ئەو یاریزانەیە. نێیمار لەو بارەیەوە گوتی: "دڵنیام ئانچیلۆتی باشترین 26 یاریزان بۆ مۆندیال هەڵدەبژێرێت."

لە یارییەکەی دوێنێدا، نەیمار بە توندی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیاری ڕاهێنەری یانەکەی دەربڕی دوای ئەوەی بە هەڵە گۆڕانکاری پێکرا، ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکی هەستیاردا هات، چونکە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ئانچیلۆتی لیستی کۆتایی یاریزانانی بەڕازیل بۆ مۆندیال ڕابگەیەنێت.

هەڵبژاردەی بەڕازیل لە مۆندیالی 2026ی ئەمریکای باکوور کە لە 11ی حوزەیران تا 19ی تەممووز بەڕێوەدەچێت لە کۆمەڵەی سێیەمدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی مەغریب، هایتی و سکۆتلەندا دەبێتەوە.

18 ئایار 2026 10:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026