پایتەخت

نرخی نەوتی برێنت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوویەوە

نرخی نەوتی برێنت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوویەوە
کورتە

هێرشە درۆنییەکانی سەر ئیماڕات و سعودییە لەلایەن ئێرانەوە دووبارە بەهای نەوتی بەرزکردەوە.

نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت دوو دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش دوای زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە درۆنییەکانی سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو.

دوێنێ یەکشەممە، هەریەکە لە شانشینی سعوودیە و دەوڵەتی ئیمارات ڕایانگەیاند، ڕووبەڕووی هێرشی نوێی درۆنی ئێرانی بوونەتەوە، ئەم هێرشە درۆنییانەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە دروستکرد، هاوکات لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا، نرخی نەوتی خاوی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 3 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 111 دۆلار و 29 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش 2 دۆلار و 31 سەنت چووە سەرەوە و بە ١٠٧ دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لە هەفتەی ڕابردوودا نرخەکانی نەوتی برێنت و تەکساس بەڕێژەی %7 بەرزبوونەوەیان تۆمارکردبوو هۆکاری سەرەکی ئەم بازدانە کتوپڕە کاڵبوونەوەی هیواکانە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لەگەڵ بەردەوامی مەترسییەکان لەسەر داخستنی تەنگەی هورمز و ناسەقامگیری ئەو ئاگربەستەی کە هەر ساتێک ئەگەری لەبارچوونی هەیە.

جەیسن شێنکەر، ئابووریناسی باڵا لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری "پرستیژ ئیکۆنۆمیکس" ڕایگەیاند: "تاوەکو جەنگی ئێران درێژخایەنتر بێت، مەترسیی مانەوەی نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا زیاتر دەبێت." ناوبراو هۆشداریشی دا لە دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی ئەم دۆخە و وتی: "بەرزیی نرخەکانی نەوت لەم ئاستەدا، لە کۆتاییدا گەشەی ئابووری جیهانی لەباردەبات."

18 ئایار 2026 10:25
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026