لیندزی گراهام: ئازاریان بدەن تا ڕازی دەبن
لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان فشار لە ترەمپ دەکات جەنگ لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە.
لیندزی گراهام داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە، فشارە سەربازی و ئابوورییەکانی سەر تاران توندتر بکات و ژێرخانی وزەی ئێران بخاتە سەرووی لیستی ئامانجە ئەمنییەکانەوە، تا ئەو کاتەی تاران ملدەدات بۆ مەرجەکانی واشنتن لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا.
لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی NBCـی ئەمریکی ڕایگەیاند، کەرتی وزە گەورەترین خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوە یان دەستپێکردنەوەی هەر پێکدادانێک لە ناوچەکەدا، پێویستە واشنتن ڕاستەوخۆ کەرتی وزەی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج.
سیناتۆرەکە باسی لەوەش کرد کە تاران لە ڕێگەی کات کوشتنەوە دەیەوێت یاریی سیاسی لەگەڵ واشنتن بکات و پرۆسەکە بە هەڵپەسێردراوی بهێڵێتەوە، گراهام گوتی: "گورزی بەهێزتریان لێ بدەن؛ ئەگەر بە ڕادەیەکی پێویست ئازار بچێژن، ئەوا ڕازی دەبن بە ڕێککەوتنێکی نوێ."
ئەم لێدوانانەی گراهام لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بەردەوامییان هەیە، داواکارییەکەی ئەم سیناتۆرەش وەک هاندانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەبیندرێت بۆ گرتنەبەری سیاسەتی فشاری زۆرینە دژی ئێران.