بەرزان عوسمان لە ژێر فشاری یەکێتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدات
دوای ڕفاندنی لەلایەن یەکێتییەوە، بەرزان عوسمان هەڵەبجەیی، ئەندامی پەرلەمانی یەكێتی لە بازنەی هەڵەبجە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ بەرزان عوسمان، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە، لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی شارەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات. بەپێی زانیارییەکانی "پایتەخت میدیا"، ئەم کۆنگرەیە لە ژێر فشاری توندی حزبەکەیەوە ڕێکخراوە بۆ شاردنەوەی ڕاستی دەستگیرکردنەکەی.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، یەکێتی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم کۆنگرەیەوە پەرلەمانتارەکەی ناچار بکات ڕایبگەیەنێت کە ڕووداوەکە تەنها "گومان" بووە و دەستگیر نەکراوە، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر کاردانەوەیەکی سیاسی و جەماوەری دژی هێزە ئەمنییەکانی حزبەکە.
بەرزان عوسمان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا زیاتر لە 12 هەزار دەنگی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەدەستهێنابوو، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کاتی گەڕانەوەی لە ناوچەی قاڵاچۆلان لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا. هەرچەندە کاتژمێر ٩ی شەوی ڕووداوەکە ئازاد کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارە نەدراوە.
ئەم جوڵەیەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەر ئەمڕۆ سکاڵای یاسایی لەسەر ڕووداوەکە تۆمار بکات، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە فشارە سیاسییەکان چیرۆکی دەستگیرکردنەکەیان پێ گۆڕیبێت تا وەک ڕووداوێکی ئاسایی نیشانی بدات.