پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێ وازی لە حزبەکەی هێنا
لە پشت دەستلەکارکێشانەوەکەی مۆفهق حوسێن، کێشەیەکی گەورەتر هەیە!
پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێ بە فەرمی جیابوونەوەی خۆی لە جوڵانەوەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوە و گۆڕانی دیدگای سیاسیی هاتووە بۆ قۆناغی داهاتوو؛ هاوکات "پایتەخت میدیا" هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ مۆفهق حوسێن، پەرلەمانتاری پێشووی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، دۆخەکە وای خواست کە لێرە بەدواوە وێستگەی کارکردنی سیاسی و ڕێکخراوەییم لەم قۆناغەدا ڕابگرم، بۆیە بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامێتیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕادەگەیەنم.
سەبارەت بە هۆکاری پشت بڕیارەکە، ناوبراو ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوەکەی لەناکاو نەبووە، بەڵکو دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ و لەبەرچاوگرتنی چەند هۆکارێکی تایبەت هاتووە.
بەپێی زانیارییەکانی "پایتەخت میدیا"، ئەو پەرلەمانتارە بەهۆی دابەشکاریی پۆستەکان لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە جوڵانەوەکەی نیگەران بووە؛ ناوبراو کە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق ئەندام بوو، بۆ ئەم خولەش کاندید کرایەوە بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، پاش ئەوەی بەڵێنی وەرگرتنی پۆستی بەرزی پێدرا، بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکەوە لەلایەن نەوەی نوێوە، ئهم دهستلهكاركێشانهوهی پێشكهش كردووه.
سەرچاوەیهكی ئاگادار به پایتهختی گوت: بابەتەکە زیاتر پەیوەندیی بە ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێوە هەیە، چونکە بەپێی ڕێککەوتنەکە سروە عەبدولواحید لە نەوەی نوێ پۆستی وەزیری ژینگەی وەرگرتووە و ئەمەش ئهو پهرلهمانتارهی پێشووی جوڵانهوهكهی زۆر نیگەران کردووە.
پێدەچێت ئەم شەپۆلی نیگەرانییە کێشەی زیاتر بۆ جوڵانەوەکە دروست بکات، چونکە بەشێک لە پەرلەمانتار و سەرکردەکانی ئێستای نەوەی نوێ هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر لە حکومەتی داهاتوودا پۆستیان پێنەدرێت، هەڵوێستیان دەبێت و دەست لە کار دەکێشنەوە.
لە بەرامبەردا، خۆبەخشان و زۆرینەی لایەنگرانی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەدان کە نابێت کەسوکاری هیچ پەرلەمانتار و بەرپرسێکی حزبەکە پۆست وەربگرن.