پایتەخت

بارانی بە لێزمە بەرێوەیە

بارانی بە لێزمە بەرێوەیە
کورتە

باران و هەورەبروسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە

 

شەپۆلێکی بارانبارین لە ڕێگەیە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ناسەقامگیرییەکی کەشوهەوا. ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە کاتەکانی بەیانییەوە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ نمە باران دەستپێدەکات.

تاوە باران و هەورەبروسکە لە دوای نیوەڕۆوە

کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینییەوە زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت بارانەکە بە شێوەی "تاوە باران" بێت و لە هەندێک ناوچە هەورەبروسکەی لەگەڵدا بێت، ئەمەش دۆخێکی بەهاریی و ناسەقامگیر بە کەشوهەوا دەبەخشێت.

ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ

هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکە، لە هەندێک ناوچە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ و خۆڵبارین هەیە، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ناوچە دەشتاییەکانی باشووری هەرێم، ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک. بەهۆی ئەم دۆخەشەوە، مەودای بینین لەو ناوچانە بۆ کەمتر لە ٥ کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.

نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژی شەممەدا

بۆ سبەی شەممە، کاریگەریی شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما بە ٢ بۆ ٣ پلە نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ. ئاسمان بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە و لە دوای نیوەڕۆوە ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوە باران و هەورەبروسکە لە زۆربەی ناوچەکان لە ئارادایە.

خشتەی بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ:

  • هەولێر: ٣١ پلەی سیلیزی

  • سلێمانی: ٢٨ پلەی سیلیزی

  • دهۆک: ٢٨ پلەی سیلیزی

  • گەرمیان: ٣٧ پلەی سیلیزی

  • هەڵەبجە: ٣٠ پلەی سیلیزی

  • زاخۆ: ٣٠ پلەی سیلیزی

  • حاجی ئۆمەران: ١٦ پلەی سیلیزی

15 ئایار 2026 15:08
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026