پایتەخت

ئامەد سپۆر بانگهێشتی کوردستان دەکرێت

ئامەد سپۆر بانگهێشتی کوردستان دەکرێت
کورتە

یانەی ئامەد سپۆر بە فەرمی بانگهێشت کرا و دێتە کوردستان


پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری دهۆک، سەردانی بارەگای یانەی ئامەد سپۆریان کرد بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن لە سەرکەوتنی مێژوویی یانەکە بۆ خولی نایابی تورکیا سوپەرلیگ و بەفەرمی یانەکە بانگهێشتی کوردستان.


 
لە میانەی دیدارەکەدا کە لەگەڵ ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر بەڕێوەچوو، پارێزگاری دهۆک خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دەستکەوتە دەربڕی و گووتی: "لە کاتە سەختەکان و کاتی هێرشکردنە سەر ئەم یانەیە، ئێمە لە باشوور دڵتەنگ دەبووین، ئەمڕۆش لێرەین تا هاوبەشی خۆشییەکانتان بین."


 
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە فەرمی بانگهێشتی یانەی ئامەد سپۆری کرد بۆ باشووری کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی یاریی دۆستانە لەگەڵ یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەروەها پێشنیازیشی کرد کە یانەکانی کوردستان سەردانی ئامەد بکەن بۆ کەمپی مەشق و راهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە.


 
ناهیت ئەرەن وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی خەڵک و بەرپرسانی باشووری کوردستان، جەختی کردەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەڵێنی ئەنجامدانی یاریی دۆستانەشی دووپاتکردەوە.


 
جێی وەبیرهێنانەوەیە، یانەی ئامەد سپۆر دوای وەرزێکی پڕ لە ململانێ، توانی پلەی دووەمی خولی پلە یەکی تورکیا بەدەستبهێنێت و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا سەرکەوت بۆ سوپەرلیگ، کە ئەمەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە هەبوو.

12 ئایار 2026 17:33
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026