کەناڵی سی ئێن ئێن: ترەمپ بێزار بووە و جەنگ لە دژی ئێران بەرپا دەکاتەوە
سەرۆکی ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکترین خاڵی دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران؛ چیتر دەرفەتی دانوستان بە ئێران نادرێت.
هەوڵەکانی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران ورد وردە شکست دەهێنن و بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، ترەمپ لەگەڵ ئاسایشی نیشتیمانی کۆبوویەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تا دێت لە شێوازی هەوڵەکانی ئێران بۆ دانوستان و کۆتایی هێنانی جەنگ بێزار دەبێت و ئارامی نامێنێت، بەشێک لە ڕاوێژکارەکانیشی دەڵێن: "ترەمپ بە جددی ڕەچاوی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دژی ئێران دەکات."
بەشێک لەو سەرچاوانە بە کەناڵی 'سی ئێن ئێن'ـیان گوتووە، ترەمپ لە داخرانی گەرووی هورمز و دابەشبوونی دەسەڵات و سەرۆکایەتی ئێران بێزار بووە، کە بووەتە هۆکاری سەرەکی ڕێگرییەکانی بەردەم دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی. فشارێکی زۆر لەلایەن وڵاتانەی ناوچەکە و پاکستان هەیە تا بە ئێرانی ڕابگەیەنن، ئەمە دواین دەرفەتی دیپلۆماسییە، بەڵام پێناچێت ئێران گوێ بگرێت و بابەتەکە بە جددی وەرناگرێت.
ئیدارەی ترەمپ گومانیان لە نێوەندیگری پاکستان دروستبووە و داوا دەکەن لە هێنان و بردنی پەیامەکانیان بۆ ئێران ڕاشکاوتر بن، بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان هەیە لەوەی نێوەندگیرە پاکستانییەکان پەیامە "تووند"ـەکانی ترەمپ وەک خۆی ناگەیەنن، کە بەردەوام بۆ ڕای گشتی دەیخاتە ڕوو. بەپرسانی ئەمریکا پێیان وایە پاکستان زۆرجار ڤێرژنێکی "ئەرێنی" پەیامەکانی ئێران بۆ ئەمریکا دەنێرن کە لە ڕاستیدا پەیامەکە بەم شێوەیە نییە.
دوێنێ دووشەممە، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی ئاشکرای کرد، ترەمپ لەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی کۆدەبێتەوە، بەشێک لە سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەگەری کەمە ترەمپ بەر لە سەردانەی بۆ چین و کۆبوونەوە لەگەڵ 'شی جین پینگ'ـی سەرۆکی وڵاتەکە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بدات، بڕیارەکە دەکەوێتە دوای کۆبوونەوەکە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە ترەمپ بگاتە پەکین و لەگەڵ 'شی جین پینگ'ـی سەرۆکی چین کۆببێتەوە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرسی ئێران و قەیرانی وزە دەبێت، تێیدا ترەمپ فشار دەخاتە سەر چین تاوەکو کاریگەریی خۆی بەکاربهێنێت بۆ پاڵنانی تاران بەرەو رێککەوتن لەگەڵ واشنتن.