پارتی لە حکومەتی داهاتوو یەکێتی ئاوت دەکات
پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێکهێنانی حکومەت، هەنگاوێکی نوێ دەنێت و یەکێتی پشتگوێ دەخات.
ئەوەی کەس چاوەڕوانی ناکات خەریکە روودەدات، پارتی چیتر لەسەر یەکێتی ناوەستێت، کابینەی دەیەم پێکدەهێنێت و بە تەواوی یەکێتی لە حکومەت ئاوت دەکات.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کردووە، پارتی چیتر چاوەڕوانی هیچ لایەنەک ناکات بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو بە یەکێتیشەوە، خۆی حکومەت پێکدەهێنێت و چەند حزب و لایەنێکی دیکە بەشداری دەکەن.
بەپێی گوتەکانی ئەو سەرچاوەیە، پارتی تەواوی وەزارەتەکان بە وەزیری نوێ پڕ دەکاتەوە و هیچ پۆستێکی بە بەتاڵی جێناهێڵێت، بڕیاریشە لایەنە بەشدارەکان لە کابینەی دەیەم، پۆستی وەزاری وەرگرن.
پارتی بۆ ئەم هەنگاوەی، پشتیوانی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی وەرگرتووە و هەمووانی ئاگادار کردووەتەوە و پێی گوتوونە: "چیتر چاوەڕوان ناکەین و قبووڵی ئەم کارە ناکەین کە یەکێتی ماوەی ساڵێک و حەوت مانگە لە دژی گەلی کوردستان دەیکات، بۆیە ئێمە حکومەت پێکدەهێنین."
بەپێی زانیارییەکان، لە کابینەی داهاتوو ئەگەر یەکێتی بەشداری نەکات، هاوشانی پارتی چەند حزبێکی دیاری ئۆپۆزسیۆن بەشداری دەکەن، کە پێشتر بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان داوە، ئەمە جگەلەوەی پێکهاتەکان ئامادەییان دەربڕیوە بەشداری کابینەی دەیەم بکەن.
بەپێی پێشبینییەکان، کابینەی داهاتوو زۆربەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لە خۆی دەگرێت، جگەلە یەکێتی و نەوەی نوێ دەبێت، کە ئەوان لە دەرەوەی حکومەت دەبن و ئەگەر بێتوو یەکێتی بە پشکی خۆی لە حکومەت ڕازی نەبێت و بەشداری نەکات، تەواوی ئەو پۆستانەی لایەتی وەردەگیرێنەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوەکو ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، قسەی کۆتایی خۆی بکات.
پایتەخت زانیویەتی، پارتی چەند رۆژێک پێش ئێستا لەبارەی کاراکردنی پەلەمانی کوردستان پەیامێکی بۆ ئەنجوومەنی شوڕای هەرێم ناردووە و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە و نوسیوویانە: زۆرینەی پەرلەمان 49 کورسییە، چونکە 97 پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردووە.
پارتی لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 39 کورسییە و بۆ ئەوەی بە زۆرینە بڕیارەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنێت، تەنها پێویستی بە ڕازیکردنی 10 پەرلەمانتارە بە کۆتاکانیشەوە.