پایتەخت

ڤایرۆسی هانتا گەیشتووەتە عێراق؟

ڤایرۆسی هانتا گەیشتووەتە عێراق؟
کورتە

عێراق لە ئامادەباشیدایە؛ وەزارەتی تەندروستی وردەکاریی نوێ لەسەر "ڤایرۆسی هانتا" ئاشکرا دەکات.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ هاتە دەنگ.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە "ڤایرۆسی هانتا" لە ناوخۆی وڵاتدا تۆمار نەکراوە. ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە تەندروستییەکان لەسەر ئاستی جیهانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە هەڵکشاندایە.

ڤایرۆسی هانتا (Hantavirus) نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی مەترسیدارە، کە لە ڕێگەی ئاژەڵە قرتێنەرەکانەوە (بەتایبەت مشک و جرج) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ئەم ڤایرۆسە کاریگەریی تووند دەکاتە سەر سیستەمی هەناسەدان و کارکردنی گورچیلەکان. لە ئێستادا چەند ناوچەیەکی جیهان وەک ئەمریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕووسیا بەدەست بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە دەناڵێنن.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە لێدوانێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە سیستەمی چاودێریی پەتاکان لە وڵاتدا بەهێز کراوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە: "هەموو فەرمانگە و دامەزراوە تەندروستییەکان ڕێنمایی زانستیی نوێیان پێ گەیشتووە بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو."

وەزارەتی تەندروستی پلانێکی فراوانی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی دەستپێکردووە، مەبەست لێی ناساندنی ڕێگەکانی گواستنەوە و چۆنیەتی خۆپارێزییە لەم ڤایرۆسە. هەروەها تیمی تایبەت ڕاسپێردراون بۆ چاودێریکردنی هەر حاڵەتێکی گوماناوی لە پێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی گشتیدا.

10 ئایار 2026 12:02
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026